کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو دەرهێنەری ناسراوی ئێرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

12:50 - 18 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠١، دوو دەرهێنەری ناسراو بە ناوەکانی "محەممەد ڕەسووڵ ئۆف" و "مستەفا ئال ئەحمەد" دوو دەرهێنەری ناسراو و لە واژۆکەرانی بەیاننامەی ناڕەزایەتیی "تفنگت را زمین بگذار" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیم باسیان لەوە کردووە کە ئەو دوو دەرهێنەرە ڕەخنەگرە بە تۆمەتی "پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران" و "تێکدانی بیر و ڕای گشتی لە کاتی ڕووخانی بینای مێترۆپۆل" دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی ٨ی جۆزەردان زیاتر لە سەد سینەماکار لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە هێزە نیزامییەکان لە سەرتاسەری ئێران کردبوو کە چەکەکانیان دابنێن و بگەڕێنەوە باوەشی گەل.

ئەوان هەروەها لەو بەیاننامەیەدا باسیان لە داڕمانی بینای "مێترۆپۆل" لە ئابادان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک کردبوو کە بەهۆیەوە نزیک بە ٤١ کەس گیانیان لەدەست دا کە ١٦ کەسیان کرێکار بوون.

ڕۆژی ١٠ی جۆزەردان "محەممەد ڕەسووڵ ئۆف" بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە ئینیستاگرام باسی لە گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر سینەماکاران کردبوو.

هێزە ئەمنییتییەکان چەندین جار داوایان لەو دەرهێنەرانە کردبوو و هەڕەشەیان لێ کردبوون کە واژۆکانیان وەربگرنەوە.

لە ڕابردووشدا "محەممەد ڕەسووڵ ئۆف" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک سال زیندانی تەعزیری و دوو سال قەدەغەی چوونە دەرەوە لە ئێران  مەحکووم کرابوو.