کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو دەرەجەداری ڕێژیمی ئێران لە خووزستان لە تێکهەڵچوون لەگەڵ کەسانی نەناسراو کوژران

10:55 - 6 رەزبەر 2720

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەزبەر، لە تێکهەڵچوونێک لەنێوان هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای خووزستان و کەسانی چەکداری نەناسراو لە ''هۆرەلعەزیم''، دوو دەرەجەداری ڕێژیم کوژران و یەکێکیشیان بریندار بوو.

''لوتفعەلی پاکباز'' فەرماندەی هەنگی سنووریی پارێزگای خووزستان باسی لەوە کردووە کە لەو تێکهەڵچوونەدا سەروان ''مێقداد بویر'' و ئوستوار ''عەبدوڵڵا مۆئمێنزادە'' کوژراون و کەسێکی دیکەش لەو هێزە بەریندار بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

دیاردەیەک کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وەکوو ''قاچاخی مەڕوماڵات'' لە سنوورەکانی نێوان عێراق و ئێران ناوی لێ دەبن لەمێژەوە هەر هەبووە و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هێزەکانی ڕێژیم دەستیان بەسەر چەندین مێگەلی مەڕوماڵاتدا گرتووە.

نەبوونی کار و دابەشکردنی ناعادڵانەی سامان، بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ بژێویی ژیانی خۆیان لە سنوورەکان کەڵک وەربگرن.