ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی دوکتور ''ئیدریس ئەحمەدی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی" کۆمەڵە"دا بەشداری کرد.
ئەو ڕێوڕەسمە بەبۆنەی ٤۳ ساڵەی ئاشکرابوونی خەباتی کۆمەڵە لەلایەن هەر دوو کۆمەڵەی شۆڕشگیری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانەوە بە هاوبەشی بەڕێوە چوو.
سەرەتا "عومەر ئیلخانیزادە" سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان چەند وتەیەکی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.
دواتر پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە لەلایەن "چیا عەلیار" پێشکەش کرا.
لە پەیامی حیزبی دێموکراتدا وێڕای بەرزنرخاندنی کاری هاوبەشی دوو لایەنی کۆمەڵە و هیوای سەرکەوتن بۆ پڕۆسەی یەکگرتنەوەیان سڵاو و پیرۆزبایی ڕێبەریی حیزب و کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە سوید پێشکەش بە ئەندامان، پێشمەرگە ولایەنگرانی کۆمەڵە کرا.
ئەو ڕێوڕەسمە بە چەندین پەیام، گۆرانی و سرود تا کاتژمێر پێنجی ئێوارێ درێژەی هەبوو.
هاوکات هەمان ڕۆژ، لەسەر بانگهێشتی کۆمەڵەـ ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هەیئەتێکی حیزب لە شاری ستۆکهۆڵم بە سەرپەرەستیی "ئەمیر سوڵتانی" بەشداریی ٤٣ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی "کۆمەڵە"یان کرد.
بەو بۆنەوە هەیئەتی حیزبی دێموکرات، بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی حیزب لە سوید پەیامی پیرۆزبایی و چەپکێک گوڵیان پێشکەشی کۆمەڵە کرد.
لە پەیامی کۆمیتەی حیزبدا وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی کۆمەڵە لە گشت ئەندام و لایەنگرانیان، هیوای یەکگرتوویی و هاوکاریی زیاتری حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەیان کرد.