کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو شیرکەتی "ئابادان بار و جەوان سەیر ئیسار" پارەی شۆفێرەکان نادەن

18:30 - 18 سەرماوەز 2720

دوو شیرکەتی "ئابادان بار" و "موسافربەریی ئوتووبووسیی جەوان سەیر ئیسار" کە لە هەموو ناوەندی پارێزگاکاندا نوێنەرایەتییان هەیە، گواستنەوەیان لە ئێراندا خستووەتە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە و پارەی شۆفێران نادەن.

ئەو دوو شیرکەتە سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانن و لەسەر گیرفانی خەڵک گیرفانی خۆیان پڕ دەکەن و مافی شۆفیران پێشێل دەکەن.

شێرکەتی "ئابادان بار" بەتایبەتی گواستنەوەی گەنم و شەکر و مادە پێترۆشیمییەکانی لە سەرتاسەری ئێراندا خستووەتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و لە ڕێگای گوشار خستنەسەر شیرکەتە شەخسییەکانەوە بارەکان دەگوازێتەوە و پارەی شۆفیرەکانیش تا یەک ساڵ زیاتریش وەدوا دەخات.

کاتێک شۆفیرەکان وەدوای مافی خۆیان و پارەکانیان دەکەون هەموو پێرسۆنێلی ئەو شیرکەتە دەڵێن ئێمە کارەیەک نین و قسەکانیشیان بۆنی هەڕەشەی لێ دێت.

هەروەها شیرکەتی "جەوان سەیر ئیسار" شیرکەتێکی موسافربەریی ئوتووبووسە کە ئەویش چەشنی شیرکەتی "ئابادان بار" نوێنەرایەتی لە هەموو پارێزگاکاندا هەیە و ڕاستەوخۆ سەر بە "قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا"ی سپای تێرۆریستی پاسدارانە.

ئەو شیرکەتەش سەرجەم سرویسە پڕداهاتەکانی وەک گواستنەوەی زیارەتکارانی "کەربەلا، ئیمام ڕەزای مەشهەد و مەعسوومەی جەمکەران" و هەموو تۆڕە گەشتیارییەکانی بۆ تەواوی ئێران خستووەتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و بلووکەی کردووە و شیرکەتە شەخسییەکانیش بە دەست بێکاری و قستی زۆری ئوتووبووسەوە دەناڵێنن.

شیرکەتە خسووسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات داوایان لە هەموو شۆفیری بارهەڵگر و ترانزیتەکان کردووە کە بە هیچ شێوەیەک ڕاستەوخۆ کار لەگەڵ شیرکەتی "ئابادان بار" نەکەن و بۆ گواستنەوەی گەنم و شەکر لەگەڵ شیرکەتە شەخسییەکانی گواستنەوەدا ڕێککەوتن واژۆ بکەن دەنا پارەکانیان دەڕوات.