کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیم وەک پارێزگاری پارێزگاکانی "ئیلام" و "چوارمەحاڵ و بەختیاری" دامەزران

18:19 - 1 سەرماوەز 2721

بە دوای دامەزراندنی فەرماندەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران وەک پارێزگار لە کابینەی "ڕەئیسیـ"ـدا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەر، "حەسەن بەهرام‌نیا" و "غوڵامعەلی حەیدەری سودجانی" لە فەرماندەکانی پێشووی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم، وەک پارێزگاری پاڕیزگاکانی "ئیلام" و "چوارمەحاڵ و بەختیاری" دامەزران.

"حەسەن بەهرام‌نیا" لە فەرماندەکانی پێشووی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە و لە کاتی شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی تێرۆریستیی "ئەنسارولحوسێن" بووە و دوای کۆتایی شەڕ لە وەزارەتی نەوتدا دامەزراوە.

هەروەها ناوبراو پێشتر جێگری ئەمنییەتی سیاسیی پارێزگاری ئیلام و فەرمانداری تویسرکان بووە.

دامەزراندنی دوو فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسداران وەک پارێزگاری پارێزگاکانی ئیلام و چوارمەحاڵ و بەختیاری لە حاڵێکدایە کە پێشتر پارێزگارەکانی "خوراسانی ڕەزەوی، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، قوم، هۆرمۆزگان و بووشێهر" لەنێوان فەرماندەکان و بەرپرسانی باڵادەستی سپای پاسداران هەڵبژێردراون و لەو پۆستەدا دامەزراون.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە دامەزراندنی فەرماندە و کەسانی باڵادەست لە پۆستە هەستیارەکاندا، تەنیا دەیهەوێت کەشێکی ئەمنییەتی لەنێو ئیدارەکان و شارەکاندا پێک بهێنێت و بە شێوەیەکی بەرفراوان خەڵک بخەنە ژێر چاوەدێرییەوە و لە کاتی خرۆشاندا خەڵک سەرکوت بکەن.