کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو فەرماندەی گرووپی فاتمیون و حیزبوڵڵا لە سووریە کوژران

12:14 - 3 گەلاوێژ 2721

دوو فەرماندەی گرووپی فاتمیوون و حیزبوڵلای لوبنان، گرێدراو بە ڕێژیمی ئێران، لە سووریە بە ناوەکانی "ئەحمەد قوڕەیشی"و "عیماد ئەلئەمین"  کوژران.

ڕۆژی شەممە، میدیاکانی حیزبوڵڵای لوبنان، بڵاویان کردووەتەوە کە "عیماد ئەلئەمین"، لە ناوچەی "دیر کەیفا" لە باشووری لوبنان لە کاتی جێبەجێکردنی پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران لە سوریە کوژراوە.

هەروەها "ئەحمەد قوڕەیشی لە شەڕی سووریەدا "بەهۆی "برینی قووڵ" کوژراوە.

"قوڕەیشی"، خەڵکی گوندی "بەرەغان" سەر بە شاری کەرەجـ"ـە.

چەند ڕۆژ پێش ئیسرائیل هێرشی کردە سەر میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە و ئەنبارێکی چەک و تەقەمەنی لەو هێرشەدا لەنێو چوو.

سپای پاسداران لە ساڵی ١٣٩٤ هەوڵی دامەزراندنی گرووپی میلیشیاکانی "فاتمیون" و ڕاکێشانی هێزەکانی ئەفغانی و ناردنی ئەوان بۆ سوریە دەدات.

هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن زیاتر لە ٢هەزار کەس لە هێزەکانی "فاتمیون" لە شەڕی سووریەدا کوژراون.

پێشتر یەکێک لە فەرماندەکانی "فاتمیوون" لە وتووێژێکدا وتبووی: "لە ماوەی شەڕی سووریەدا بە گشتی ٨٠ هەزار کەس لە خەڵکی ئەفغانستان نێردراونەتە نێو گرووپی "فاتمیوون" لە سووریە".