کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو لایەنی سیاسیی کوردی سووریە سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد

15:20 - 5 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: دوو شاندی بزووتنەوەی کۆمەڵگای دێموکراتیک تەڤدەم (TEVــ DEM) و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریە (ENKS) سەردانی بنكەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیان كرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەكشەممە رێکەوتی ٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، شاندی بزووتنەوەی کۆمەڵگای دێموکراتیک تەڤدەم (TEVــDEM) بە سەرپەرەستی \'\'ئاڵدار خەلیل\'\' و شاندی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریە (ENKS) بە سەرپەرەستی تاهیر سفوك سەردانی بنكەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیان كرد و لەلایەن شاندێكەوە بە سەرپەرەستی مستەفا هیجری، سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتەوە پێشوازییان لێكرا.

سەرەتا، مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەخێرهاتنی میوانەكان، بەبۆنەی رێکەوتنی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی سووریە، ئەو هەنگاوە گرینگەی لە دوو شاندی بزووتنەوەی کۆمەڵگای دێموکراتیک تەڤدەم (TEV ــ DEM) و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریە (ENKS) و نەتەوەی کورد بە گشتی پیرۆزبایی کرد.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە درێژەی قسەکانی خۆیدا لە سەر پێویستی و زەروورەتی یەكڕیزی و یەكگرتوویی حیزبە سیاسییەكانی كوردستان جەختی کردەوە و وتی: یەکگرتوویی حیزبە سیاسییەکان، باوەڕمەندی بە تلۆرانس و یەكتر قەبوول كردن رەمزی سەركەوتنی گەلی كوردە.

مستەفا هیجری لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دوژمنانی گەلی كورد لە یەكگرتوویی و رێکەوتنی حیزبە سیاسییەکان زۆر قەڵس و نیگەرانن و دەیانهەوێ بە هەموو شێوەیەك یەكگرتوویی حیزبە سیاسییەکانی کورد لە کوردستانی سووریە تێك بدەن، هەر بۆیە دەبێ زۆر وریا بین ئەو پیلانانەی دوژمنان تێك بدەیەن.

هیجری لە درێژەی قسەکانیدا سەرەڕای جەخت کردنەوە لەسەر یەکگرتوویی ئێستا وتی: هیوادارین تێكۆشەران و شەڕڤانانی کوردستانی سووریە سەربكەون و دوژمنانی كورد نەتوانن ئەو یەكگرتنە و رێکەوتنەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی سووریە تێك بدەن.\'\'

دواتر شاندی مێوان پێکهاتوو لە شاندی بزووتنەوەی کۆمەڵگای دێموکراتیک تەڤدەم (TEV ــ DEM) و شاندی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریە (ENKS) رایانگەیاند: ئێمە هاتووین هەواڵی ئەو رێكەوتن و یەكگرتوویی هێزە سیاسییەكانی کوردستانی سووریەتان پێ رابگەیەنین و خوازیاری پشتیوانی و هاوكاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو رێکەوتنە و رێنوێنی و وەرگرتنی ڕا و بووچۆنەكانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بە گرینگەوە وەربگرین\'\'.

شاندی بزووتنەوەی کۆمەڵگای دێموکراتیک و شاندی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریە (ENKS) لەو سەردانەدا وتیان: ئێمە بە دروستكردنی مەرجەعییەتێكی یەكگرتوویی سیاسی، ئیدارەیەكی بەرێوەبەریی هاوبەش و پێك هێنانی هێزێكی چەكداری یەكگرتوو بۆ ئاسایش و پاراستنی کوردستانی سووریە رێكەوتووین.

لە كۆتایی ئەو سەردانەدا شاندی میوان و خانەخوێ پێداگرییان لە سەر بەردەوامی هاوكاری و پێوەدنیی خۆیان کردەوە و پاراستنی یەکگرتوویی حیزبەکانی کوردستانی سووریەیان بە ئەرکی هەموو نەتەوەی کوردی زانی.