کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاووڵاتی لە نەخۆشخانەیەکی ورمێ بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەست دا

14:05 - 12 گەلاوێژ 2720

ژن و پیاوێک لە ورمێ لە نەخۆشخانەیەکی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەست داوە و بەرپرسانی نەخۆشخانە هۆکاری مردنەکەیانی کۆرۆنا ڕاگەیاندووە؛ ئەوە لە حاڵێکدا کە جەستەیان شێوێندراوە.

بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" گەیشتووە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ دوو هاووڵاتی کە بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیەندراوە بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە، پاش پشکنینی گۆڕەکانیان دەرکەوتووە ئەندامانی جەستەیان دەرهێنراوە و بە شێوەیەکی گوماناوی کوژراون.

نزیکەی ٢ تا ٣ مانگ لەوە پێش هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی "فلکان" سەر بە ناوچەی "مەرگەوەڕ"ی شاری ورمێ بە ناوی "عەبدوڵڵا.م" کوڕی "حاجی سدیق"، بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا ڕەوانەی نەخۆشخانە لە شاری ورمێ دەکرێت.

ناوبراو چەند ڕۆژ لە نەخۆشخانەی "تاڵقانی" کە نەخۆشخانەیەکی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانە دەخەوێندرێت و لە ئاکامدا لەلایەن بەرپرسانی نەخۆشخانەوە بنەماڵەی ناوبراو ئاگادار دەکرێتەوە کە کوڕەکەیان گیانی لەدەست داوە.

پاش بەدواداچوونی بنەماڵەی ناوبراو بۆ وەرگرتنی تەرمی کوڕەکەیان لەلایەن بەرپرسانی نەخۆشخانەوە پێیان ڕادەگەیەنرێت کە کوڕەکەیان بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لەدەست داوە و بۆ خۆیان ئەسپەردەیان کردووە.

بنەماڵەی "عەبدوڵڵا.م" هەر کۆڵ نادەن و لە ڕێگای پارێزەر، دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە شوێنی ئەسپەردەکردنی کوڕەکەیان دەدۆزنەوە و دوای هەڵدانەوەی گۆڕەکەی، دەبینن کە جەرگ و دڵ و گورچیلەکانی نەماون و تەنانەت چاوەکانیشی دەرهێندراون.

بنەماڵەی "عەبدوڵڵا" دوای بینینی تەرمی شێواوی کوڕەکەیان، هەوڵی سکاڵا و بەدواداچوون بۆ ئەو کارە دژەمرۆییە دەدەن، بەڵام لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە هەڕەشەی گرتن و ئەشکەنجە و کوشتنیان لێ دەکرێت و بەم شێوەیە ئەو بنەماڵەیە بێدەنگ دەکەن.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووشدا کەیسێکی هاوشێوە لە ناوچەی "سۆما"ی سەر بە شاری ورمێ ڕوویداوە.

بەپێی زانیارییەکان، ژنێکی تەمەن گەنج خەڵکی گوندی "کەنیسێـ"ـی سەر بە ناوچەی "سۆما"ی ورمێ، لەلایەن بەرپرسانی نەخۆشخانەوە بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە کە مردووە و ئەسپەردە کراوە.

پاش بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، دەرکەوتووه کە جەرگ و دڵ و گورچیلەکانی ئەو ژنەش دەرهێندراون و کوژراوە.

هەتا ئێستا ڕێژیم هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە و گومان دەچێت ڕێژیم بەناوی کۆرۆناوە ئەو کەسانەی کوشتبێت و ئەندامانی جەستەی ئەو کەسانەی فرۆشتبێت.