کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاووڵاتیی کورد بوونە قوربانیی مین

17:46 - 19 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: دوو هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای سنه بوونە قوربانیی تەقینەوەی مین و بە هۆی سەختیی برینەکانیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان دوو لاوی کوردی خەڵکی سەوڵاوا سەر به پارێزگای سنه، لە ئەنجامی تەقینەوەی مین‌دا بە توندی بریندار بوون و بە هۆی قوڵیی برینەکانیان ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردانە بە ئارمین عەبدوڵڵاهی و جەماڵ فەتحی تەمەن ٢٣ و ٢٧ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە نزیک خاڵی پشکنینی کۆنی شاری سەوڵاوا دەکەونه سەر مینه چێندراوەکانی ڕێژیمی ئێران و لە ئەنجامدا تووشی ئەو ڕووداوە دەبن.

ئەو دوو هاووڵاتییە لە پشتێنە بۆ سەرەوە بریندار بوونە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری مەریوان کراون.

بەپێی دوایین ئامارەكان، سەرجەم ١٦ میلیۆن مین لە سەرتاسەری ئێراندا بوونی هەیە، و چوار پارێزگای ئیلام، كرماشان، سنە و ورمێ ‌بەهۆی ڕوانینی ئەمنیەتی و سنووریی‌بوونیان، زیاترین ڕێژەی مینی چێندراویان تێدایە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا پەیماننامەی ئۆتاوا، کە تایبەت بە قەدەغەکردنی بەکارهێنان، کڕین و فرۆشتنی مینی دژە نەفەرە، واژۆی نەکردووە و بۆ هەڵگرتنەوەی بەمیلیۆنان مین لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان و خوزستان، هیچ هەوڵێکی نەداوە.

ڕێژیمی ئێران سەرەڕای ئەوەیکە، کەمترین هەوڵی بۆ هەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکانی سەر سنوور داوە، بەبیانووی رێگری لە قاچاخ، ڕۆژانە لە ناوچە سنوورییەکان مین دەچێنێت و کۆڵبەران و هاووڵاتییانی مەدەنی دەبنە قوربانی.