کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هەزار و ٥٥٠ پەرستار و کادری دەرمانی دەیانەوێت ئێران بەجێ بهێڵن

10:36 - 28 سەرماوەز 2721

"محەممەد پاکمێهر" جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی تەندروستی و دەرمانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران وتی: "دوو هەزار و ٥٥٠ پەرستار و کادری دەرمانی دەیانەوێت ئێران بەجێ بهێڵن".

"پاکمێهر" وتی: "بەهۆی کەڵەکەبوونی کێشەگەلی زۆر و ئەو نادادپەروەرییەی کە لە بواری دەرمانیی وڵاتدا هەیە، نزیک بە دوو هەزار و ٥٥٠ پەرستار و کادری دەرمانی، دەیانەوێت وڵات بەجێ بهێڵن".

ناوبراو زیادی کرد: "ئەو ئامارە بەپێی ئەو بەدواداچوونانە هاتووەتە دەست کە ئەو ڕێژەیە لە کادری دەرمانی لە وڵاتدا داوای مۆڵەتی فەننیی پێویستیان بۆ کارکردن لە بواری خۆیاندا لە دەرەوەی وڵات کردووە و لە حاڵی چوونە دەرەوە لە وڵاتن. لەگەڵ ئەوەی نیوەی ئەو داواکارییانە ساڵی پێشوو کراون، بەڵام کێشەی ئێمە لە بواری دەرمانیدا حاشای لێ ناکرێت و دەیسەلمێنێت کە ئێمە بۆ هێشتنەوەی ئەو توێژە و پێڕاگەیشتنیان کارێکی ئەوتۆمان نەکردووە".

لەلایەکی دیکەوە "محەممەد شەریفی موقەددەم"، سەرۆکی خانەی پەرستارانی ئێران وتوویەتی: "ڕادەی وەرگرتنی خوازیار لە زانکۆ پەرستارییەکان سێ بەرابەر زیادی کردووە، بەڵام لەولاشەوە ١٠٠ هەزار پەرستاری بێکار هەیە".

ناوبراو باسی لەوە کردووە: "ڕادەی پەرستاران پێویستە دوو بەرابەری ئێستا بێت تا بگاتە ڕادەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان. لە ئێراندا ١٠٠ هەزار پەرستاری بێکار هەیە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە نەخۆشخانەکان پێویستیی زۆر بە هێزی پەرستار هەیە بەڵام لەو بوارەدا هیچ هەنگاوێکی پێویست هەڵنەگیراوە".