کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو وڵاتی کۆلۆمبیا و هێندووراس حیزبوڵڵای لوبنانیان خستە لیستی تێرۆرەوە

12:44 - 7 جۆزەردان 2720

پاش ئەوەیکە بریتانیا گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنانی خستە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە، دوو وڵاتی "هێندووراس" و "کۆلۆمبیا"ش حیزبوڵڵای لوبنانیان خستە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکان.

"لوئیس سوازۆ"، جێگری وەزیری تەناهیی "هێندووراس" وتوویەتی: "ئێمە حیزبوڵڵای لوبنان وەک گرووپێکی تێرۆریستی دەناسێنین و لە لیستەی گرووپە تێرۆریستییەکاندا تۆمارمان کردووە".

"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، داوای لە وڵاتانی هاوپەیمانی کردووە کە هەوڵگەلێکی جیددیتر دژ بە چالاکییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان بگرنە بەر.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە وڵاتی "کۆلۆمبیا" کە دۆست و هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانە "حیزبوڵڵا"ی لوبنانی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساندووە.

هەروەها "ئیوان دوکۆ" سەرکۆماری کۆلۆمبیا، لە پەیامێکی تویتێریدا پشتڕاستی کردبووەوە کە "کۆلۆمبیا لیستەیەک لە کەس و گرووپە تیرۆریستییەکانی لە ئورووپا و ئامریکادا دەستنیشان کردووە کە ئیجازەی ناسینی تۆڕگەلێکی وەک حیزبوڵڵا، داعش و ئەلقاعدە لەکاتی گونجاوی خۆیدا دەدات و وتوویەتی ئێمە داواکاری هاوئاهەنگی ئەو زانیارییانە لە نێوان وڵاتەکانمانداین".

لەلایەکی دیکەشەوە "ئالخاندرۆ جیاماتی"، سەرکۆماری نوێی "گواتمالا"باسی لە ئەگەری تۆمارکردنی ناوی حیزبوڵڵای لوبنان لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئەو وڵاتەدا کردووە و وتوویەتی که باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە "ئورشەلیم" دەمینێتەوە.

گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان سەرەتاکانی دەیەی ٨٠ی زایینی لەلایەن سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە لوبنان دامەزرا و لە ئێستادا هەم سپای پاسداران و هەم حیزبوڵڵای لوبنانیش وەک گرووپەکانی تیرۆریستیی ناسیندراون و هەوڵ بۆ پێش پێ گیرانیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەدرێت.