کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو پارێزگای ورمێ و ئیلام لەو پارێزگایانەن کە زۆرترین ڕێژەی مەرگیان بەهۆی کۆرۆناوە هەبووە

18:07 - 2 سەرماوەز 2720

''سیما لاری'' وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، زۆرترین حاڵەتەکانی تووشبووی خەوێندراو لە نەخۆشخانەکان لە حەوتووی ڕابردوودا سەر به پارێزگاکانی ئیلام، سمنان، یەزد و خوراسان بووە کە نێونجی ئەم پارێزگایانە بەنیسبەت نێونجی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو جیاوازیی هەیە.

ناوبراو وتوویەتی، نێونجیی حاڵەتەکانی مەرگ بەهۆی کۆرۆنا لە ئێران نزیکەی ٤٤.٥ کەس لە یەک میلیۆن کەس بووە کە زۆرترین ڕێژەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە لە پارێزگاکانی یەزد، خوراسان، ئیلام، ورمێ و سمنان بووە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، نێونجیی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە حەوتووی ڕابردوو لە ئێران نزیکەی ٢٤ کەس لە هەر ١٠٠ هەزار کەس ڕاگەیەندراوە.

لە دوایین ئاماری ڕاگەیەندراو لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، هەتا ئێستا ٨٥٤ هەزار و ٣٦١ کەس لە ئێران تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بوونە. هەروەها هەتا ئیستا ٤٤ هەزار و ٨٠٢ کەس لە ئێران گیانیان لەدەست داوە.

ڕێژیمی ئێران ئاماری وردی قوربانییان و تووشبووان بە کۆرۆنا بە شێوەی جیاجیا لە پارێزگاکان بڵاو ناکاتەوە و ڕاستییەکان سەرپۆش دەکات.

پارێزگاکانی کوردستان کە لە ئێستادا لە دۆخیکی مەترسیداردان و ڕۆژانە هەزاران کەس تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا دەبن و بە دەیان کەسیش گیانیان لەدەست دەدەن، بەڵام لەلایەن ڕێژیمەوە میدیایی ناکرێت.