کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو پارێزگای ئیلام و سنە، خراپترین دۆخی ژیانیان هەیە

18:23 - 20 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: پارێزگاکانی ئیلام و سنە لە ئاستی خۆشبژێوی و توانای کڕیندا، بەنیسبەت پارێزگاکانی دیکەی ئێران، لە خراپترین دۆخدا ژیان بەسەر دەبەن.

سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ شاردنەوە و سانسۆری ئامارەکان، نیشانەکانی هەژاری و کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک لە هەموو کونج و گۆشەکانەوە، خۆی دەردەخات.

لە نوێترین ئامارەکاندا، بەپێی پێوەری PPP  یان بەرابەریی توانای کرێن و بە لەبەرچاوگرتنی پێوەری هەڵاوسان لە پارێزگاکانی ئێران، لە نێوان ئەم پارێزگایانەدا، دوو پارێزگای ئیلام و سنە لە ئاستی خۆشبژێوی و توانای کڕیندا، لە خراپترین دۆخدا ژیان بەسەر دەبەن.

دوو پارێزگای ئیلام و سنە بە یەکێک لە پەراوێزخراوترین پارێزگاکانی ئێران دێتە ئەژمار، کە خەڵکی ئەم پارێزگایە، بەدەست کێشەگەلی وەک: "بێکاری، هەژاری، گرانیی لەڕادەبەدەر، کەمئاوی، مووچەی کەمی کرێکاران و گرانبوونی کاتیی ماددە خۆراکییەکان و پێداویستییەکانی دیکەی ژیان و نەبوونی کەلوپەلە پزیشکییەکان و دوکتور و چەندین کێشەی دیکە دەناڵێنن.

بەپێی نوێترین ئامارەکان سەبارەت بە خۆکوژی، پارێزگای ئیلام لە پلەی یەکەمی جیهاندایە.

گرانی و هەژاری وەکوو دوو دیاردە له کۆمەڵگای ئێران، بە تایبەت لە ڕۆژهەلاتی کوردستاندا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە دەستێنێت و گوزەرانی خەڵکیان لەگەڵ کێشەی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە.

دیاردەی هەژاری لە وڵاتی ئێراندا لەژێر سێبەری دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێراندا هێڵی هەژاریی بەزاندووە و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە باس لەوە دەکەن کە لە داهاتوودا زیاتر لە  نیوەی حەشیمەتی ئێران دەڕۆنه ژێر هێڵی هەژارییەوە.