کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو کاسبکاری کورد کوژران

13:13 - 11 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: دوو کاسبکاری کورد خەڵکی شاری شنۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژران.

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بانەمەڕ، دوو کاسبکاری کورد، خەڵکی گەڕەکی "ئەمیرئاباد"ی شاری شنۆ بە ناوەکانی "نێعمەت سەعادت‌پوور" و "ڕەئووف خالیدنژاد"، لە ماشینەکەی خۆیاندا بوون کراونەتە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و پاش وەرگەڕانی ماشینەکەیان، دەسبەجێ گیانیان لە دەست داوە.

هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ، تەقەیان لەو دوو کاسبکارە کوردە، کردووە.

ئەم دوو کاسبکارە شنۆییە، لە شوێنێک بە ناوی "چڵ ئاشان" لە نزێک پارکی "قەڵاتووک"، تووشی ئەو ڕووداوە، ببوون.

تەرمی ئەم دوو کاسبکارە کوردە، بۆ ساردخانەی نەخۆشخانەی شاری نەغەدە، ڕاگوێزراوە و هەتا ئێستا تەرمەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە.

ئەو دوو کاسبکارە کوردە، خێزاندارن و ڕەئووف خالیدنژاد خاوەنی کوڕ و کچێکە و هەروەها خێزانی دووگیانە.