کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو کۆمپانیای چینی کڕینی نەوت لە ئێرانیان ڕاگرت

14:04 - 21 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: کۆمپانیای پێترۆشیمیی وڵاتی چین (سینۆپێک) و کۆمپانیای میللیی نەوتی چین (سی ئێن پی سی)، لە کڕینی نەوتی ئێران خۆ دەبوێرن.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، دوابەدوای ئەوەی کە ئامریکا بۆ گوشارهێنانی زیاتر بۆ سەر ڕێژیمی ئێران چیتر ماوەی مەعافییەتەکانی درێژ نەکردەوە، کۆمپانیای پێترۆشیمیی چین (سینۆپێک) و کۆمپانیای میللیی نەوتی چین (سی ئێن پی سی)، لە کڕینی نەوتی ئێران لە مانگی مەیدا خۆیان بواردووە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە مانگی نوامبردا، مەعافییەتی نەوتیی بە هەندێک لە وڵاتەکان دابوو و ڕایگەیاندبوو کە ئیتر هیچ جۆرە مەعافییەتێک بە کڕیارانی نەوتی ئێران نادەین.

بەپێی ئامارەکانی گۆمرۆکی چین، ئەم وڵاتە بە هاوردەکردنی  ٤٧٥هەزار بەرمیل نەوت، گەورەترین مشتەریی نەوتی ئێران لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٩٨دا بووە.

دوو سەرچاوەی ئاگادار باسیان لەوە کردووە کە ئەم دوو کۆمپانیا چینییە لە ترسی گەمارۆکانی ئامریکا و دەستپێرانەگەیشتنیان بە سیستمی ماڵیی بازاڕی جیهانی لە کڕینی نەوت لە مانگی مەیدا خۆیان بواردووە.

ئامریکا لە نوامبری ساڵی ڕابردوودا کە خولی دووهەمی گەمارۆکان دەستی پێکرد، مەعافییەتێکی شەش مانگەی بۆ هەشت کڕیاری سەرەکیی نەوت و گازی ئێران واتە: چین، هیندوستان، کورەی باشوور، ژاپۆن، تورکیه، تایوان، ئیتالیا و یوونانی دیاری کرد.

سەرەتای مانگی مەیی ئەم ساڵ، ئەم مەعافیەتانە کۆتاییان هات و واشینتۆن ئیتر ماوەکەیان درێژ ناکاتەوە. ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە هاوردەکارانی نەوتی ئێران بکەونە ژێر گوشار تاکوو لە کڕینی نەوتی ئێران خۆ ببوێرن.