کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو کەس لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە کوژران

12:30 - 14 جۆزەردان 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی جۆزەردان، دوو کەس لە هێزەکانی سپای پاسداران بە ناوەکانی "حەسەن عەبدوڵڵازادە" و "موحسێن عەباسی"  لەسەر ڕێگای ''دەیرەزور بۆ تدمەر'' کەوتنە نێو بۆسە و کوژران.

یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە ئەو دوو کەسە لە بۆسەی هێزەکانی داعش کەوتوون.

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو، لە شەڕی سووریەدا بەشداریی ڕاستەوخۆی هەبووە و بە ناردنی هێزەکانی سپای پاسداران و هێزەکانی گرووپە میلیشیا چەکدارەکان لە وڵاتانی لوبنان، عێراق، پاکستان و ئەفغانستان، هەوڵێکی زۆری بۆ دامەزراندن و ڕێکخستنی بنکەی نیزامی لەو وڵاتە ئەنجام داوە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئیسرائیل بەردەوام له‌نێو خاكی سووریه هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژراون و دەیان ئەنباری چەکوچۆڵی ڕێژیم لەنێو براوە.