کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو کەس لە ئەفغانستان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کران

19:01 - 10 پووشپەڕ 2720

سەرچاوەیەکی سەرۆکایەتیی گشتیی تەناهیی نەتەوەیی ئەفغانستان لە ویلایەتی "نیمرووز" ڕایگەیاندووە، دوو کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ڕێژیمی ئێران و هاوکاری لەگەڵ گرووپی "تاڵبان" دەسبەسەر کردووە.

هەواڵدەریی "پەژواکـ"ـی ئەفغانستان بڵاوی کردووەتەوە، ئەو سەرچاوەیەی تەناهیی نەتەوەیی کە نەیویستووە ناوی بڵاو بکرێتەوە وتوویەتی: "بەڕێوبەرایەتیی تەناهیی نیمرووز، دوو تاوانباریان کە لەژێر ناوی بازرگاندا چالاکییان دەکرد و زیاتر بە بارهەڵگر و تڕانزیتەوە لە ئەفغانستانەوە بۆ ئێران هاتوچۆیان دەکرد، دەسبەسەر کردووە".

یەکێک لەو دەسبەسەرکراوانە ناوی "سامی ئەحمەدوڵڵا وەلەد حاجی عەبدوڵڵا" ڕاگەیەندراوە و ئاماژەیەک بە ناوی دەسبەسەرکراوەکەی دیکە نەکراوە.

ئەو سەرچاوەیەی تەناهیی ئەفغانستان هەروەها وتوویەتی: "بەپێی زانیاریگەلێک کە بە ئێمە گەیشتووە، ئەو دوو کەسە سیخوڕییان بۆ ئێران دەکرد کە ئەوڕۆ بەیانی لە شاری زەرەنج دەسبەسەرمان کردن".

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە زاری سەرۆکایەتیی گشتیی تەناهیی نەتەوەیی ئەفغانستانەوە، دەسبەسەرکراوان لە ئێستادا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و بابەتەکە پاش لێکۆڵینەوە بە ناوەندە دادوەرییەکان دەدرێت.

ئەو سەرچاوە هەروەها وتوویەتی: "لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت و سەربەخۆدا لەلایەن پێرسۆنێلی تەناهیی نەتەوەیی، ئەو کەسە تاوانبارە کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی ویلایەتی هێلمەندە و لە ئێستادا لە شاری زەرەنجی ویلایەتی نیمرووز دادەنیشێت، بە تاوانی ئەندامایەتی لە گرووپی تاڵباندا دەسبەسەر کراوە".