کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو کەس و کۆمپانیایەکی عێراقی خرانە لیستی گەمارۆوەکانی ئامریکاوە

11:55 - 23 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: دوو کەس و کۆمپانیایەکی نزیک لە ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی عێراقدا، خرانە لیستی گەمارۆوەکانی ئامریکاوە.

لە درێژەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و لە قوناغی دووهەمی ئەو گەمارۆیانەدا، دوو کەس کە سپۆنسەری دارایی و ماڵیی گرووپە تێرۆریتسییەکانی سەربە ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئێران لە وڵاتی عێراقدا بوون و چەک و کەرەستەی شەڕیان بۆ ئەو گرووپانە دابین دەکرد، کەوتنە لیستی گەمارۆوەکانەوە.

هەروەها کۆمپانیایەکی وڵاتی عێراق نزیک لە سپای قودسی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، خرایە لیستی گەمارۆوەکانی ئامریکاوە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە، ۲۲ی جۆزەردان، لە ڕایگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاندووە: دوو کەس کە ناویان ڕانەگەیندراوە و کۆمپانیایەک کە بە "SWRC" (کانگای سامانەکانی باشوور) ناسراوە، خرانە لیستی گەمارۆوەکانی ئامریکاوە.

لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا لەسەر ئەو کۆمپانیایە هاتووە: "ئەو کۆمپانیایە بەشێکە لە تۆڕی داراییی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، کە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە خراوەتە لیستی گەمارۆوەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە".

هەروەها، لە بەشێکی تری ئەو ڕاگەیندراوەدا، ئەو کۆمپانیایە بەوە تاوانبار کراوە، کە میلیۆنان دۆلار چەک و کەرەستەی سەربازیی و شەڕی بە میلیشیا تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران و لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران لە عێراقدا فرۆشتووە.

جێگای ئاماژەیە، کە پێشتر بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایانگەیاندبوو، کە سزاکانی سەر ڕێژیمی ئێران و ئەو کەسایەتی، کۆمپانیا، وڵات، گرووپ و لایەنانەش کە هاوکاریی ئەو ڕێژیمە دەکەن، ئەگەر واز لە هاوکارییەکانیان نەهێنن، بە دڵنیاییەوە ئەوانیش سزا دەدرێن.