کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو گەورە کۆمپانیای کورەی باشوور لە بازاڕەکانی ئێران کشانەوە

13:33 - 4 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بە هۆی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، دوو گەورە کۆمپانیای "سامسۆنگ و ئێڵ جیـ"ـی وڵاتی کورەی باشوور لە بازاڕەکانی ئێران کشانەتەوە.

دوو کۆمپانیای سامۆنگ و ئێڵ جی (LG)ـی وڵاتی کورەی باشوور، کە بە دوو کۆمپانیای بەرهەمهێنەری کەلوپەلی ئەلکترۆنیکی و کارەبایی بەتایبەت مۆبایل، لە ئاستی جیهاندا ئەژمار دەکرێن، بە هۆکاری گەمارۆوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، لە بازاڕەکانی وڵاتی ئێراندا کشانەوە.

سەرەڕای ئەوەی ئەو دوو گەورە کۆمپانیایە بە هۆی پێبەندبوون بە یاسا نێونەتەوەیییەکانی بازرگانی و گەمارۆ و گوشارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە بازاڕەکانی وڵاتی ئێراندا کشاونەتەوە، هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم ئەو هۆکارانەیان بە شیمانەیەک زانیوە و ڕایانگەیاندووە، ئەگەرچی کشانەوەی دوو کۆمپانیای سامسۆنگ و ئێڵ جی (LG)، تەنیا لە ئاستی پڕوپانگەندە و دەنگۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بووە و دوورە لە ڕاستی، بەڵام لە ڕاستیدا بەرهەمهێنانی ئەو دوو کۆمپانیایە لە سەرەتای ساڵی نوێیەوە (ساڵی ۹۸)، بە یەک پێنجم ڕۆژانی کۆتاییی ساڵی ڕابردوو گەیشتووە.

شارەزایان لەم بارەوە پێیان وایە، کە ئەو ئەگەرانەی کە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم بۆ بەلاڕێبردنی ڕای خەڵکی و بەتایبەت خەڵکانی دانیشتووی وڵاتی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، لێکدانەوەکان لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانە بە دانپێدانانی ناڕاستەوخۆی ڕێژیم لەسەر کشانەوەی ئەو دوو گەورە کۆمپانیایە نیشان دەدەن.

بە هۆی گەمارۆوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیم ئێران بەتایبەت لە قۆناغی دووهەمی ئەو گەمارۆیانە، زۆربەی کۆمپانیاکانی جیهان و بەتایبەت کۆمپانیا گەورەکان لە ئێران و بازاڕەکانی ئەو وڵاتە کشاونەتەوە و کۆتایییان بە بازرگانییەکانیان لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانی خۆیان لەو وڵاتەدا هێناوە.

دانڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە کاتی ڕاگەیاندنی قۆناغی دووهەمی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاند، هەر وڵاتێک و کۆمپانیایەکی ئەو وڵاتە بیەوێت یارمەتیدەری ڕێژیمی ئێران بۆ دەورلێدانی گەمارۆوەکان بێت، سزای ئەو کردەوەیە بە سەریدا دەسەپێندرێت و دەچێتە لیستی گەمارۆوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان.