کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو ئەندامی قەرارگای قودسی ڕێژیم کوژران

12:39 - 30 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: قەرارگای قودسی هێزی زەوینیی سپای تێرۆریستی پاسداران، کوژرانی دوو ئەندامی خۆی لە ئاکامی دەرگیرییەکدا ڕاگەیاند.

پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای قودسی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێراندا، ڕایگەیاندووە کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٣٠ی پووشپەڕ، دەرگیرییەک لە ناوچەی "سەراوان" لە سنووری نێوان سیستان و بەلووچستان و پاکستاندا ڕووی داوە.

هەواڵدەریی "فارس"، سەر بە ڕێژیمی ئێران، لەمبارەوە وێڕای باسکردن لەوەی کە دەرگیرییەکە لە نێوان هێزەکانی سپای ڕێژیم و بە وتەی ئەوان گرووپێکی تێرۆریستیدا ڕووی داوە، باسی لەوە کردووە کە لە ئاکامی دەرگیرییەکدا، دوو پاسداری ڕێژیم کوژراون و دوو پاسداری دیکەش بریندار بوونە.

لە هەواڵدەرییەکانی دیکەدا شوناسی دوو پاسدارە کوژراوەکەی ڕێژیم بە ناوەکانی "سەید موحسین نەقیبی"، خەڵکی کرماشان و هەروەها "عەبدولخالق دێرازێهی"، خەڵکی ناوچەی سەراوان  و هەروەها شوناسی بریندارەکانیش بە ناوەکانی "محەممەد سووری" و "شەمسەدین بوداق"، ڕاگەیەندراوە.

هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە لایەنی دووهەمی دەرگیرییەکە و هەروەها چۆنیەتیی ڕوودانی دەرگیرییەکەش لەبەر دەستدا نییە.