کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو ئەندامی "هەوافەزا"ی سپای پاسداران بە شێوەی گوماناوی کوژران

17:48 - 23 جۆزەردان 2722

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەردان، هەواڵدەریی "فارسـ"ـی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران بڵاوی کردەوە کە یەکیک لە ئەندامانی هەوافەزای سپای پاسداران لە پارێزگای "سێمنان" لە کاتی مەئموورییەتدا کوژراوە.

لەو پەیوەندییەدا "سپای ڕوحوڵڵا"ی پارێزگای مەرکەزی لەو بارەوە باسی لە کوژرانی ئەندامێکی هەوافەزای سپای پاسداران بە ناوی "عەلی کەمانی" بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ کردبوو.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان، ڕۆژنامەی "جروزالم پۆست" بڵاوی کردبووەوە کە شەوی ڕابردوو دوو ئەندامی هەوافەزای سپای پاسداران کوژراون کە هەر دووکیان لە بواری دروستکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەواندا چالاک و شارەزا بوونە.

لەو ڕاپۆرتەدا هەروەها باس لە کوژرانی دوو ئەندامی باڵای سپای "قودس" بە ناوەکانی "حەسەن سەیاد خودایی" و " عەلی ئیسماعیل زادە" لە ماوەی ڕابردوودا کراوە کە دواتر ئەو عەمەلیاتانە درانە پاڵ ئیسرائیل.

هەر لەو پەیوەندییەدا "ئەیووب ئینتزاری" لە ئەندامانی هەوافەزای سپا لە شاری "یەزد" بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا کە ڕاگەیاندنەکان ئەو کارەیان خستە پاڵ "موساد".

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی جۆزەردان لە هێرشی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر ناوەندی توێژینەوەی وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی "پارچین"، "ئێحسان قەدبەیگی" لە توێژەرانی ئەو وەزارەتخانەیە کوژرا.

لەو پەیوەندییەدا "نەفتالی بێنێت" سەرۆکوەزیری ئیسرائیل وتوویەتی کە تاکتیکی خۆیان بەرامبەر بە ڕێژیمی ئێران دەگۆڕن و گرووپەکانی سەر بە ئێران لە هەموو شوێنەکان دەکەنە ئامانج.

ئیسرائیل لە ڕابردوودا زیاتر هێرشی دەکردە سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران و لە وڵاتانی دیکە سپای پاسداران و لقی قودسی سەر بەو سپایەی دەکردە ئامانج، بەڵام لە ئێستادا ئیسرائیل ڕاستەوخۆ زەبر لە مۆرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە نێوخۆی ئێران دەوەشێنێت.