کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووبارە ئاگر بەر درایە "زرێبار" و دەیان هێکتار لە قامیشەڵانەکانی سووتان

11:55 - 11 سەرماوەز 2721

کاتژمێر یەکی دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەز، دووبارە ئاگر بەر درایە گۆلی "زرێبار"ی مەریوان و دەیان هێکتار لە قامیشەڵانەکانی ئەم گۆلە سووتان. بە وتەی خەڵکی مەریوان، تا ئێستا ئاگرێکی وەها گەورە بەر نەدراوەتە زرێبار.

ئەم ئاگرە لە قامیشەڵانەکانی گوندی کانیسانانەوە دەستی پێ کردووە و بەهۆی هەڵکردنی "با"ی توند نەتوانراوە لەلایەن خەڵک و چالاکانی ژینگەییەوە کۆنترۆڵ بکرێت و ئاگرەکە گەیشتووەتە قامیشەڵانەکانی دەوروبەری مەریوان.

وێڕای ئەوەی کە خەڵکێکی زۆر و چالاکانی مەدەنی و ژینگەیی مەریوان بە هانای زرێبارەوە ڕۆیشتوون، بەڵام دەیان هێکتار لە قامیشەڵانەکان سووتاون و هێشتا ڕێژەی زیانەکان ڕانەگەیەندراوە.

ساڵانە لەلایەن کەسانی هەلپەرست، دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران و خائینانی نیشتمانەوە، بە مەبەستی لەنێوبردنی ژینگەی زرێبار، ئاگر بەر دەدرێتە قامیشەڵانەکانی ئەم گۆلە و بەپێی سەرچاوە نافەرمییەکان، تەنیا لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٨٠ هێکتاری قامیشەڵانەکانی ئەم گۆلە، لە ئاگردا سووتێنراون.

لە ئێستادا زرێبار لە هەمووکات زیاتر هەڕەشەی لەسەرە. ئاوی زرێبار لە ماوەی ۵ مانگدا تەنیا لە پاکاوی شەروان ۴۰ هێکتار پاشەکشەی کردووە و بە تێکڕا لە دەوراندەوری زرێبار، لەنێو قامیشەڵان، پەڵاسە، لەبان و سنووەکاندا نزیکەی ۱۳۰۰ هێکتار کەمی کردووە. هەروەها ئاوی زرێبار لە ۵۰ ملیۆن میتری سێجا بووە بە نزیکەی ۱۹ ملیۆن میتری سێجا.

بەهۆی کوێربوونەوەی کانییە هەڵقوڵەکانی بن گۆلەکە و وشکەساڵی، بەهاری ئەمساڵ ئاستی ئاوپۆنگبوونەوەی زرێبار نەگەیشت بە ۵۰ ملیۆن میتری سێجا. قووڵایی ئاوی زرێبار لە خودی پاناوە ئاوییەکەیدا کە ۹۶۰ هێکتارە، نزیکەی ۲ میترە. لە ئێستادا تەنیا ئاوی بەرچاوی زرێبار لە پاناییە ئاوییەکەیدا دەبینرێت.