کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووبارە بەڵێنییەکانی ڕێژیم بە درۆ کەوتنەوە

18:22 - 14 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاندووە کە لە ئێستادا هیچ وام و یارمەتییەک بە لافاولێدراوان نادرێت.

ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی جۆزەردان، ''سەعید تاهیری''، بەرپرسی شۆرای بانکەکانی پارێزگای خووزستان، بە هەواڵدەریی ''ئیرنا''ی ڕاگەیاندووە: "بە هۆی نەبوونی ڕێکاری پێویست لەم بوارەدا، پێدانی وام بە لافاولێدراوان بۆ کاتی دوای دەرکردنی ڕێکار و گرێبەستی تایبەت دەسپێردرێت.''

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم وتوویەتی: "پەسەندکراوەکانی دەوڵەت سەبارەت بە تەرخانکردنی تەسهیلات بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی خانووی لافاولێدراوان گۆڕدراوە."

لەژێر پێ خستنی بەڵێنەکان لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە حاڵێکدایە کە پێشتر بەرپرسی "بونیادی مەسکەنـ"ی ڕێژیم لە ڕێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەدا وتبووی کە یارمەتی و تەسهیلات بۆ لافاولێدراوەکان، ١٠٠ لەسەد دابینکراوە و لەمبارەوە هیچ کێشەیەکمان نییە.

دوای هاتنی لافاو لە کوردستان و ئێراندا، ٧٦ کەس گیانیان لەدەست دا و خەسارێکی ماددیی زۆر بەر هاووڵاتیان کەوت.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، لە کاتی قەیرانەکاندا، تەنیا به شێوەی پەیام و نووسراوە، هاودەردیی خۆیان لەگەڵ خەڵک دەردەبڕن و هیچ هەنگاوێکی کردەیی هەڵناگرن. هەروەها وەک هەمیشە بەڵێنییەکانی ڕێژیم بە درۆ کەوتنەوە.