کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوورکەوتوویی و تێنەگەیشتن

22:05 - 15 رەزبەر 2719

کەریم پەرویزی

دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتیك کە بە سەر وڵات یان شوێنێکدا زاڵە دەتوانێ چەندین هۆکاری جیاوازی هەبێ. بەو مانا کە هەموو ئەو کەسانەی کە دژایەتیی دەسەڵاتێک دەکەن وەکوو یەک نین و هەموویان بە یەک مەبەست دژی ئەو دەسەڵاتە نین.

رەنگە کەسانێک تەنیا لەبەر ئەوەی خۆیان لە دەسەڵاتەکەدا بەشدار نەبوون دەوری ئۆپۆزیسیۆن بگێڕن و گەر رۆژێک لە رۆژان هەندێک لە شیرینیی دەسەڵاتیان بەر کەوت، واز لە دژایەتیی دەسەڵاتی زاڵ بێنن. کەسانێکیش هەن کە دژایەتییان لەگەڵ دەسەڵات تەنیا و تەنیا لەبەر ئەوەیە کە دژی هەرجۆرە دەسەڵاتێکن و لە راستیدا پێیان خۆشە کە بەردەوام دژبەر بن، یان بە واتایەکی دیکە هەموو کات گاردی دژبەری بگرن.

لە نێوان ئەم دوو جۆر دژبەرییەدا ئیدی بە دەیان و رەنگە سەدان هۆکار هەبن کە کەسانێک لە پێگەی ئۆپۆزیسیۆندا جێ بگرن. لەوانە رەنگە مافی گرووپەکەیان پێشێل کرابێ یان سیاسەتی دەسەڵاتیان لە بوارێکدا قبووڵ نەبێ. یان لە بناخەدا ئیدئۆلۆژی و بیرکردنەوەی بەتەواوی جیاوازیان هەبێ.

لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیشدا تەواوی ئەو جۆرە رەنگ و سیما جیاوازانە دەبینرێ و زۆرن ئەوانەی کە تەنیا دژبەریی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیه دەکەن لەبەر ئەوەی کە خۆیان تێیدا وەلا نراون.

لە ماوەی چوار دەیە ستەمکاریی کۆماری ئیسلامیدا لەو جۆرە رەوتانە زۆر هاتوون و دوایەش کز بوونەتەوە و وەکوو تاک و چەند کەسێکی دابڕاو لەیەک لە چەند شوێنێک کەوتوون و ئەوە بەلایانەوە پرسیار بووە کە بۆچی خەڵک گوێیان بۆ ناگرێ و وەدوایان ناکەوێ، خۆ ئەوان دروشمی زۆر چاکیان داوە و رستەی زۆر رازاوەیان بەسەر زاردا هاتووە؟ ئەدی بۆ خەڵک بە ئاڵترناتیڤیان نەبینیون؟

ئەم پرسیارە، پرسیارێکی زۆر سەرەکی و هەستیارە کە رەنگە بە راشکاوی کەسیان نەیڵێ و هەموویان تەنانەت تاکە هەڵبڕاوەکانیش خۆیان بە ڕێبەری خەڵک ببینن، بەڵام دوای چەندین ساڵ بێ کاریگەری و دوای پەراوێزکەوتنیان، لە ناخی خۆیاندا ئەو پرسیارەیان لا دروست دەبێ کە بۆچی نەبوون بە ئاڵترناتیڤ؟ بۆ ئەوەی رەوتێک ببێ بە ئاڵترناتیڤ دەبێ چۆن بێ؟

یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی ئەوەیکە کەسێک و رەوتێک ببێ بە ئۆپۆزیسیۆنێکی جیدیی دەسەڵاتێک ئەوەیە کە سیاسەت و بیرکردنەوەی بەتەواوی دژی ئیدئۆلۆژی و سیاسەتی دەسەڵاتی زاڵ بێ. مەرجی دیکەی ئەوەیە کە دروستە ئەو سیاسەت و ئیدیۆلۆژییە کە دەبێ دژی سیاسەتی دەسەڵاتداران بێ، بەڵام دەبێ جێی پەسندی خەڵکیش بێ. خۆ ناکرێ ئیدئۆلۆژییەکی چەقبەستووی وەکوو بیری داعشی بە ئاڵترناتیڤی ویلایەتی فەقیهی بزانرێ. بۆیە مەرجی دووهەم پەسندکرانی لەلایەن خەڵکەوەیە. سیاسەت و بیرکردنەوەش کاتێک جێی پەسندی خەڵک دەبێ کە سیاسەتداڕێژەر لە ویست و تواناکان و ئاواتەکانی خەڵک تێ بگا و هەموو رەنگ و جیاوازییەکانی کۆمەڵگا ببینێ.

کەسێک کە دەیهەوێ سیاسەتێک دابڕێژێ و هیچ پێوەندییەکی بە ناخی کۆمەڵگاوە نەبێ و هەموو رەنگە جیاوازەکانی کۆمەڵگا نەبینێ، لە باشترین حاڵەتدا سیاسەتێک دادەڕێژێ کە تەنیا بەشێکی کەم لە کۆمەڵگا کە وەکوو ئەون و هاوشێوەی ئەون لێی تێدەگەن.

لە کۆمەڵگای ئێراندا، چەندین نەتەوە هەیە و لە سەر ئەرزی واقیع، ئەو نەتەوەگەلە ویست و ئاوات و خولیای جیاوازیان هەیە و لە نێو شار و شوێنەکانی هەرکام لەو نەتەوانەدا خەڵک بەشێوەی مەدەنی و خۆبەخۆ، خەریکی کردنەوەی بنکەی تایبەت بە فێرکردنی منداڵان بە زمانی دایکیی هەرکام لە نەتەوەکانن.

لە دۆخی سیاسیی جیاوازیشدا نەتەوەکان هەرکام بە جیا لەسەر پرسەکانی تایبەت بەخۆیان هەستیارن، کاتێک لە تاران خۆپیشاندانە، کوردستان بە هی خۆی نازانێ و کاتێک لە کوردستان خۆپیشاندانە، ئیسفەهان بە هی خۆی نازانێ. بۆ هەموو نەتەوەکانی دیکەش هەر بەم شێوەیە.

لەوەها کۆمەڵگایەکدا، بەرنامەیەکی سیاسی کە باس لە "یەکپارچەیی نەتەوەیی" بکا و گاڵتە بە چارەنووسی نەتەوەکان بکا ناتوانێ هیچ دەسکەوت و سەرکەوتنێک بەدەست بێنێ. تەنیا ئەوە دەسەلمێنێ کە دارێژەرانی ئەو سیاسەتە زۆر لە راستیی کۆمەڵگا و نەتەوەکانی ئێران دوورن و لێی تێناگەن.