کێڵگەی گازی ''کۆرمۆر'' سەر بە شیرکەتی نەوتی ''دانە گاز''ی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە سلێمانی بۆ دووهەم جار لە سێ ڕۆژی ڕابردوو کرایە ئامانجی مووشەکی.
دوو سەرچاوەی ئەمنییەتیی عێراق بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزیان وتووە کە ڕۆژی هەینی ٣ی پووشپەڕ بە مووشکی کاتیوشا هێرشیان کردووە سەر باڵەخانەی فەرمانبەرانی شیرکەتی دانە گاز.
ڕۆژی چوارشەممەی حەوتووی پێشووش ئەو کێڵگە گازییە هێرشی مووشەکیی کرابووە سەر، بەڵام زیانێکی بەدواوە نەبووە.
هەتا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارەتیی ئەو هێرشەیان وەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام هێندێک لە بەرپرسانی عێراقی باس لەوە دەکەن کە گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ئەو هێرشەیان ئەنجام داوە.
''کۆرمۆر'' یەکێکە لە گوندەکانی شارۆچکەی ''قادر کەرەم'' لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی و شیرکەتی دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیمارات وەبەرهێنانی گازی تێدا دەکەن و لە بواری سەرچاوەی سروشتی بەتایبەت نەوت و گاز یەکێک لە ناوچە دەوڵەمەندەکانە.