کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووهەمین کومپانیای نەوتیی ڕووسیە، پرۆژەکانی خۆی لە ئێراندا ڕاگرت

11:38 - 9 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: دووهەمین کومپانیای نەوتیی ڕووسیە، بە هۆی گەڕانەوەی ئابڵۆقە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، پرۆژەکانی خۆی لە ئێراندا ڕاگرت.

کۆمپانیای لۆک ئاویل، کە لە بیرە نەوتییەکانی "ئاب تەیموور، مەنسووری و شەنگوولە چالاکی دەکرد، بە هۆی گەڕانەوە و زیادکردنی ئابڵۆقە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران ئەو پرۆژانەی داخست.

لۆک ئاویل کە بەنیاز بوو بە سەرمایەدانان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نرخی بەرهەمەکانی خۆی کەم بکاتەوە، بەڵام ئابڵۆقەکانی سەر ڕێژیمی ئێران بوونە هۆی ئەوەی کە درێژەی چالاکییەکانی خۆی لە بیرە نەوتییەکانی دەوروبەری ئەهواز ڕابگرێت.

ئامریکا کە لە ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕ چوار ڕۆژ پێش وادەکەی دانڵد ترامپ لە بەرجام کشایەوە، سەرەڕای کشانەوەی لەو ڕێککەوتننامەیە ئابڵۆقە ئابوورییەکانیشی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران زیاد کرد، هەروەها بڕیارە پیشەی نەوت و هەناردەکردنیشی بخاتە نێو گەمارۆوە ئابوورییەکانەوە.

ئەم ئابڵۆقە و گەمارۆوانە لەسەر ڕەوتی چالاکیی ئەو کومپانیایانەی کە لەگەڵ ئێران هاوکاری دەکەن و هاوکات لە ئامریکاشدا بە شێوەیەکی بەربڵاو سەرمایەکانیان خستووەتە گەڕ، کاریگەری داناوە و لە هاوکاریکردن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران خۆیان دەبوێرن.