کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووهەمین کۆنفرانسی زانستیی زمانی کوردی لە هەولێر کۆتایی پێهات

15:26 - 29 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: دوای سێ‌ رۆژ گفتوگۆ کردنی پسپۆڕان و خستنە رووی کێشە و ئاستەنگەکانی سەر رێگای زمان، دووهەمین کۆنفرانسی زانستیی زمان لە هەولێر کۆتایی پێهات.
لەو کۆنفرانسەدا جەخت لەسەر رۆڵی پەروەردە و میدیا بۆ پەرە پێدانی زمان کراوەتەوە و ئەندامانی کۆنفرانسەکە لەو باوەڕە دابوون، پێویستە پێداچوونەوە بە پەرتووک و پرۆگرامی وانە کوردییەکاندا بکرێت.
ماڵپەڕی خەندان بڵاوی کردەوە، کۆنفرانسەکە بڕیاری داوە کە شارەزایانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە بواری رێنووس و رێزمانییەوە پێداچوونەوە بە هەڵەکانی ناو کتێبەکاندا بکەن.
هەر لەو پێوەندییەدا داوا لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان و میدیا کاران کراوە کەلە بواری زمانەوە پێکەوە هاودەنگییان هەبێت.
رێکەوتی ٢٦‌ی سەرماوەز لە شاری هەولێر دووهەمین کۆنفرانسی ساڵانەی زانستیی زمانی کوردی لەلایەن ئەکادیمیای کوردی و بە چاوەدێریی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان دەستی بە کارەکانی خۆی کرد و دوای سێ‌ رۆژ کۆتایی پێهات.
کۆنفرانسەکە بۆ تاوتوێی تەوەری پەروەردە و میدیا تەرخان کرابوو و بابەت و توێژینەوەکان لە چوار پانێلدا پێشکەش کران.