کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووپاتبوونەوەی خۆپیشاندانەکان لە ئێران دوور لە چاوەڕوانی نییە

18:35 - 14 بانەمەڕ 2720

ئابووریناسێکی خەڵکی ئێران ڕایگەیاندووە کە بە دۆخی ئێستای ئابووریی ئێرانەوە و هەژاریی خەڵک، ئەگەری دووبارەبوونەوەی خۆپیشاندانێک وەک خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ دوور لە چاوەڕوانی نییە.

"حوسێن ڕاغفەر"، ئابووریناس، وتوویەتی، دیار نییە زۆرێک لە خەڵک کە بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بێکار بوونە، چۆن پێداویستییەکانی خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین دەکەن، ئەم ڕۆژانە بۆ ئەو جۆرە کەسانە کۆسپێکی گەورەیە.

"ڕاغفەر" وەکوو ڕێکار پێشنیاری کردووە کە دەبێ ستادێکی هاوبەش لە دامەزراوە جیاوازەکان بەتایبەت، ناوەندگەلی بەدەر لە چاوەدێریی دەوڵەتی وەکوو: "ئاستانەی قودس، بونیادی موستەزعەفان و ستادی بەڕێوبەریی فەرمانی ئیمام" کە ئامانجی سەرەکییان پشتیوانی لە هەژاران بووە، پێک بێت.

ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا وتوویەتی: "کەلێنی هەنووکەیی نێوان حەقدەست و خەرجیی ژیان نزیک بە ٧٠ لەسەدە و حەقدەستەکان تەنیا ٣٠ لەسەدی خەرجییەکانی بنەماڵەکان دابین دەکات و بڕیاری شورای کار بێگومان ئەو کەلێنە قووڵتر دەکاتەوە و ناڕەزایەتیی کرێکاران زیاتر دەکاتەوە".

ئەو ئابووریناسە ڕایگەیاندووە: "نابێ دووبارەبوونەوەی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ بە دوور لە چاوەڕوانی بزانین، ئەگەر لەو ماوەیەدا دەوڵەت بڕیارێکی عاقڵانە نەدات و وەکوو ڕەوتی پێشوو بگرێتە بەر، خۆپیشاندانگەلی خەڵکی وەک مانگی خەزەڵوەری ٩٨ و ڕەنگە لەوەش گەورەتر دێتە ئاراوە و دووکەڵەکەشی دەڕواتە چاوی دەوڵەت".