کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووەمین دانیشتنی دادگای نێونەتەوەیی خەڵک لە لەندەن بەڕێوە چوو

11:46 - 21 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، دادگای نێونەتەوەیی خەڵک ناسراو بە "دادگای خەزەڵوەر" لە "لەندەن" دووەمین دانیشتنی خۆی لەبارەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨ بەڕێوە برد.

بڕیارە ئەو دادگایە هەتا ٢٣ی خەزەڵوەر درێژەی هەبێت و ٤٥ کەس وەک شایەتحاڵ لێدوان بدەن.

لە دەستپێکی دووەمین "دادگای خەزەڵوەر"، "ڕەها بەحرەینی" لێکۆڵەری کاروباری ڕێژیمی ئێران لە "لێبووردنی نێونەتەوەییـ"ـدا وتی: "بەشێکی زۆر لە بنەماڵەی قوربانییانی خەزەڵوەری ٩٨ و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بەهۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەو قوربانییانە دەسبەسەر کراون".

"بەحرەینی" زیادی کرد: "ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ تەنیا بەهۆی گرانبوونی بێنزین نەبووە، بەڵکوو دروشمی ناڕازییان دژی سەرجەم ڕێژیمی ئێران بووە. هەروەها زۆربەی قوربانییان کەسانێک بوون کە خوێندەواریی زانکۆیان هەبووە".

ناوبراو سەبارەت بەوەیکە ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستا ئامارێکی ڕاستەقینەی لە ڕێژەی دەسبەسەرکراوان و شوێنی ڕاگرتنی ئەو دەسبەسەرکراوانە نەخستووەتەڕوو وتی: "زۆربەی شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی وێرانکاری و ئاگرتێبەردانی شوێنە دەوڵەتییەکان لیباسی شەخسییان لەبەردا بووە".

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی "لێبووردنی نێونەتەوەیی"، ٢٨ پارێزگا لە سەرجەم ٣١ پارێزگای ئێران، لە خەزەڵوەری ٩٨دا ناڕەزایەتییان تێدا بەڕێوە چووە.