کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووەمین فێستیڤاڵی "تووت فەرەنگی" لە شیان بەڕێوە چوو

17:54 - 9 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: فێستیڤاڵی ساڵانەی "تووت فەرەنگی" کە وەک یەکێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییە گرینگەکانی پارێزگای سنە دێتە ئەژمار، لە شیان بەڕێوە چوو.

تووت فەرەنگی، میوەیەکی ئورووپاییە کە ٨٠ ساڵ پێش ئێستا هێنراوەتە کوردستان و لەو کاتەوە، پارێزگای سنە، وەک جەمسەرێکی گرینگ بۆ بەرهەمهێنانی تووت فەرەنگی لە ئێراندا دێتە ئەژمار کە تا چەند ساڵی ڕابردوو، ٩٠ تا ٩٥ لەسەدی تووت فەرەنگیی ئێران، واتە بڕی ٤٠ تا ٥٠ هزار تۆن تووت فەرەنگی لە کوردستاندا بەرهەم دەهات، بەڵام ئەو ڕێژەیە بەهۆی ڕووهێنانی شارەکانی دیکە بەو بەرهەمە کشتوکاڵییە، تا ئاستێکی کەم دابەزیوە.

هەر بەم بۆنەوە، فێستیڤاڵێک لە "کانی جاهێڵ"،  لە گوندی شیانی سەر بە ژاوەرۆی سنە، بەڕێوەچووە کە خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکەدا بەشدارییان کردووە و ئەوە دووەمین ساڵی بەڕێوەچوونی ئەو فێستیڤاڵەیە.

لەم فێستیڤاڵەدا، کۆمەڵێک لە گۆرانیبێژانی ئەم ناوچەیە بەشدار بوون و بەشداربووان بە خوێندنی گۆرانی و هەروەها هەڵپەڕکێی کوردی، پەیامی یەکدڵی و هاوکاریی خۆیان ڕاگەیاند.

خاکی کوردستان بەهۆی بارودۆخی گونجاوی جوگرافیایی، شوێنێکی باش بۆ بەرهەمهێنانی تووت فەرەنگی دێتە ئەژمار و سەرەڕای ئەوەی کە لەم ساڵانەی دواییدا شارەکانی دیکەی ئێرانیش ڕوویان هێناوەتە بەرهەمهێنانی تووت فەرەنگی، پارێزگای سنە وەک جەمسەری بەرهەمهێنانی ئەو میوەیە ماوەتەوە.