کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوژمنانمان بە پووڵ و لە بواری جنسییەوە هەوڵی دزەكردن بۆ نێومان دەدەن

20:23 - 5 سەرماوەز 2715

كوردستان میدیا: ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران عەلی خامنەیی لە كۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ فەرماندە و بەرپرسانی بەسیج‏دا، پێداگریی لەسەر چەمكی دزەكردن (نفووز) كرد و ڕایگەیاند كە، ئەو لایەنانەی كە هێزی بەسیج بە توندڕەو تۆمەتبار دەكەن، هێزی بەسیج لاواز دەكەن و لە ڕاستیدا پرۆژەی دوژمنانمان جێبەجێ دەكەن.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی ١٤ی سەرماوەز، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە و گوردانەكانی بەسیج‏دا، ڕێبەری كۆماری ئیسلامی بەشی هەرە زۆری وتەكانی بۆ باس كردن لە پرۆژەی دزەكردن تەرخان كرد و سەرەڕای ئەوەی كە باسی لە دوژمنایەتی سەخت و نەرم لە لایەن ئیستكبارەوە كرد، ڕایگەیاند كە: یەكێك لە بابەتە سەرەكییەكانی دوژمنایەتیی نەرم، كەڵكوەرگرتن لە پرۆژەی نفووزە.

ناوبراو هەروەها لە مانگی گەلاوێژی ئەم ساڵدا و تەنیا چەند حەوتوو دوای ڕێكکەوتنی ئەتۆمیی كۆماری ئیسلامی و وڵاتانی زلهێزی جیهان، لە بارەی هەوڵی دوژمنان و لە سەرەوەی هەموویان وڵاتی ئامریكا، لە ڕاستای دزەكردنیان بۆ نێو ئێران هوشداری دا.