کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوکتور بەرهەم ساڵح بوو بە سەرکۆماری عێراق

10:22 - 11 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: پارلەمانی عێراق دوکتور بەرهەم ساڵحی وەکوو سەرکۆماری نوێی عێراق هەڵبژارد.

شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی، پارلەمانی عێراق دوکتور بەرهەم ساڵح بژاردەی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانی، وەکوو سەرکۆماری نوێی عێراق هەڵبژارد.

بەپێی یاسای بنەڕەتیی عێراق، پۆستی سەرکۆماریی عێراق مافی کوردەکانی ئەو وڵاتەیە، کە دوکتور بەرەهەم ساڵح وەکوو سێهەمین کوردی سەرکۆماری عێراق، لە پارلەمانی ئەو وڵاتە بە بەدەستهێنانی ٢١٩ دەنگی ئەرێنی لە لایەن نوێنەرانی پارلەمانەوە هەڵبژێردرا.

دوو حیزبی سەرەکیی کوردستانی باشوور، یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دێموکراتی کوردستانی عێراق بە ناساندنی دوکتور بەرهەم ساڵح بژرادەی یەکیەتی و فواد حوسێن بژاردەی پارتی، لە سێهەمین پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری عێراق پاش ڕووخانی ڕێژیمی بەعس بەشدارییان کرد.

دوابەدوای هەڵبژاردنی دوکتور بەرهەم ساڵح وەکوو سەرکۆماری عێراق، ناوبراو پاش ٢ کاتژمێر "عادل ئەلمەهدیـ"ـی وەکوو سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاری کرد، کە دەبێت لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا ئەلمەهدی وەزیرانی خۆی بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی نوێی عێراق دیاری بکات.

بەرهەم ساڵح، ساڵی ١٩٦٠ی زایینی لە شاری سلێمانی لە دایک بووە، لە ساڵی ١٩٨٣ لە بەشی ئەندازیاریی شارسازی لە زانکۆی "کاردیفـ"ـی بریتانیا، خوێندنی تەواو کردووە، پاشان لە ساڵی ١٩٨٨ی زایینی لە زانکۆی "لیڤرپوولـ"ـی بریتانیا بڕوانامەی دوکتورای لە بەشی ئامار و بەرنامەنوویسی کامپیوتێر وەرگرتووە.

ناوبراو لە ساڵی ١٩٧٦ بووەتە ئەندامی حیزبی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و وەکوو نوێنەر لە نووسینگەی پێوەندییە دەرەکییەکانی ئەم حیزبە لە بریتانیا و پاشان ئامریکا بەرپرسایەتی هەبووە.

بەرهەم ساڵح هەروەها لە ساڵی ٢٠٠١ هەتا ٢٠٠٤ وەکوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا و لە ساڵی ٢٠٠٤دا بووەتە جێگری شۆرای وەزیرانی دەوڵەتی کاتیی عێراق.