کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوکتور خەلیقی: لەو قۆناخەدا هەموومان دەبێ تێکۆشین ڕێگای قاسملووی مەزن و حیزبەکەی بەرینەپێش

20:58 - 21 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: سێمینارێکی سیاسی بە بۆنەی ٢٧ـەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاورێیانی لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە یادی٢٧ـەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاورێیانی بە دەستی ڕێژیمی تێرۆریستی ئیسلامیی ئێران لە ڤییەن، سێمینارێکی سیاسی بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و کوردەکانی دیکەی دانیشتووی نۆروێژ لە لۆکاڵی قازی محەممەد لە ستڕۆمەن نزیکی شاری ئۆسلۆی پێتەختی نۆروێژ پێکهات.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێکرد.

دواتر دوکتور حوسێن خەلیقی باسێکی پڕ نێوەرۆکی لەسەر کەسایەتی کۆمەڵایەتیی دوکتور قاسملوو و لایەنە جۆراوجۆرەکانی شەخسیەتی ئەو ڕێبەرە مەزنە هێنایە گۆڕێ و لە کۆتاییدا داوای کرد کە؛ لەو قۆناغەدا بە کار و فیداکاری و تێکۆشان هەموومان دەبێ تێکۆشین ڕێگای قاسملووی مەزن و حیزبەکەی بەرینەپێش و ئەو ئاڵایە بەرز و شەکاوە ڕاگرین کە پێشەوا و قاسملوو و شەهیدانی دێکەی ڕێبەرمان بە ئێمەیان سپاردوە.

لە بەشێکی دیکەی سێمینارەکەدا، تاهیر عەلیار شارەزای مێژووی کورد و بزووتنەوەی میللی دێموکراتی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، باسێکی سەبارەت بە ڕۆڵی دوکتور قاسملوو لە سیاسەتگوزاری و داڕشتنی هەڵوێستە ئەساسییەکانی حیزبی دێموکرات و فۆرموولەکردنی داخوازی و پڕەنسیپە بنەڕەتییەکانی بزووتنەوەی نیشتیمانی و ڕزگارییخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا پێشکەش کرد.

ناوبراو داوای کرد کە؛ دەبێت بە ڕاشکاوی هەموومان پێکەوە دژی سازشکاریی و بەلاڕیدا بردنی بزووتنەوەکەمان ڕاوەستین، دیفاع لە سیاسەتی ئوسولی و ئەو پڕەنسیپانە بکەین کە بوونەتە سیمای حەرەکەتی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.

عەلیار دواتر دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی خستە بەر لێکدانەوەی سیاسی و لەو بارەیەوە گوتی؛ کورد بەگشتی دەبێ لەو ناوچەیەدا ببێتە فاکتۆرێکی جیددی و خۆی لە شەڕی مەزهەبی نەگلێنێ و ڕێگای ئازادی و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بدۆزێتەوە و لەسەر قازانج و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی بە تەوافوق بگات.

دواتر عیرفان ڕەهنموون چالاکی سیاسی و شارەزای دۆخی سیاسی کوردستانی ڕۆژهەڵات، باسێکی پڕناوەرۆکی لەسەر کەسایەتی شۆڕشگێڕانە و نەخشی دوکتور قاسملوو لە بزووتنەوەی کورددا پێشکەش کرد.

ڕەهنموون، دوکتور قاسملووی وەک ڕێبەرێكی مۆدێرن ناساند کە توانیبووی بزووتنەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ئێران و ناوچەکە و سەرجەم بزووتنەوەی دێموکراسیخوازی دونیا لێک گرێ بدات.

هەروەها ئەو چەمکە سیاسییانەی خستنە بەرباس کە کەسایەتی شۆڕشگێرانەی قاسملوویان پێ دەناسرێتەوە و دەکرێ وەک سەرچاوی ئیلهام بەکاریان بێنین.

ناوبراو، دواتر لەسەر دۆخی ئێستای خەباتی حیزبی دێموکرات و گەلەکەمان قسەی کرد و ئەو ڕێگا و مێتۆدانەی لێک دایەوە کە پێویستە لە هەلومەرجی ئیستای خەباتدا حیزبی دێموکرات و هێزە سیاسییەکانی دیکەی نێو گۆڕەپانی خەبات بۆ بە هێزکردنی بزووتنەوەی گەلەکەمان سەرنجیان بدرێتێ.

هەروەها عەزیم ئەلیاسی بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، بە گشتی لەسەر هەڵ‌ومەرجی ئێستای خەباتی حیزبی دێموکرات و میللەتەکەمان و ئەرکەکانمان لەو قۆناغەدا قسەی کرد.

لەو پێوەندییەدا، ئایشە ئەحمەدی پەیامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.

لە کۆتایی‌ سێمینارەکەدا، چەند پارچە هۆنراوەیەک لە لایەن گەلاوێژ مێهفەر و شەیدای کەمانگەرەوە پێشکەش کران.

سێمینارێکی
سێمینارێکی سیاسی بە بۆنەی ٢٧ـەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاورێیانی لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو

سێمینارێکی
سێمینارێکی سیاسی بە بۆنەی ٢٧ـەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاورێیانی لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو

سێمینارێکی
سێمینارێکی سیاسی بە بۆنەی ٢٧ـەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاورێیانی لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو

سێمینارێکی
سێمینارێکی سیاسی بە بۆنەی ٢٧ـەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاورێیانی لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو