کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوکتور قاسملوو: خۆشحاڵین کە چارەنووسی کورد ئێستا بە دەستی خۆی دیاری دەکرێت

08:47 - 11 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: دوای چەند ساڵ خەباتی نهێنی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەباتی ئاشکرای خۆی لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمەی ١٣٥٧دا ڕاگەیاند و دوکتور قاسملووی شەهید، ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە میتینگی شاری مەهاباد بە فەرمی خەباتی ئاشکرای حیزبی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ شەممە، ١١ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی، ٤٠ ساڵ لە خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێپەڕ دەبێت. لە یەكەم كۆبوونەوەی ئاشكرای حیزب که دوای سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، که لە ستادیۆمی شاری مەهاباد پێكهات، جووڵانەوەی نەتەوەیی دێموكراتیک بە خێرایی سەرانسەری كوردستانی گرتەوە، ئەوەش دەسەڵاتی كۆنەپەرستیی هەراسان كرد.

لەم کۆبوونەوەیەدا شەهیدی نەمر دوکتور قاسملوو چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

دوکتور قاسملوو لە وتەکانی خۆیدا دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیکی لە ئێراندا، بەزامنی دەستەبەربوونی داواکارییە ڕەواکانی نەتەوەی کورد زانی.

دوکتور قاسملوو لەو میتینگەدا باسێکی لە سەر مێژووی خەباتی حیزبی دێموکرات لە سەردەمی شاهەنشاهیدا پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد کە  تاوانبارکردنی نەتەوەی کورد بە تەجزیە تەڵەبی قسەیەکی کۆنە و ئەوەش دوژمنان وەپاڵ حیزبی دێموکراتی دەدەن.

دوکتور قاسملوو ڕێبەری بلیمەتی کورد لە قسەکانیدا لە سەر مافی چارەنووس و ئیدارەی کوردستان پێداگری کردەوە و ڕایگەیاند کە کوردستانی ئێران دەبێت لە فەزای نیزامی و مێلیتاریزه بێتە دەر و پادگانە نیزامییەکان دەبێ لە نزیکی سنوورەکانەوە بێت نەک لە نێو شارەکاندا.

دوکتور قاسملوو لەو کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند: تێرۆری فیکری دەبێ حەزف بکرێت و هیچکەس نابێت به هۆی بیر و ڕای جیاوازەوە هەڕەشەی لێ بکرێت.

دوکتور قاسملوو هەروەها ڕوو لە ئەندامان و کادرەکانی حیزبی دێموکرات ڕایگەیاند: ئەرکی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراته کە ڕوانگه و بەرنامە و داواکارییەکانی حیزب ببەنە نێو کۆمەڵانی خەڵک و سەرنجی خەڵک بۆ پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات ڕابکێشێن و ئەرکی ئەندامان و کادرەکان ئەوەیە بۆ زیندووکردنەوە و دامەزراندنی ئۆرگانەکانی حیزبی دێموکرات هەوڵ بدەن و نابێ لە بیر بکەن تەشکیلات گرینگترین چەکی ئێمەیە.

حیزبی دێموكرات داخوازییەكانی گەلی كوردی بە شێوەیەكی ئاشتیخوازانە لەگەڵ ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو هێنایە گۆڕێ‌، بەڵام ڕێژیم ئامادە نەبوو داخوازییەكانی گەلی كورد قەبووڵ بكات، بۆیە حیزبی دێموكرات لە مانگی خاكەلێوەی ١٣٥٨ی هەتاویدا داوای لە خەڵكی كوردستان كرد كە لە ڕێفراندۆمی دەنگدان بە كۆماری ئیسلامیدا بەشداری نەكەن و ئەوانیش دەنگیان بە یاسای بنەڕەتیی كۆماری ئیسلامیش نەدا.

دواتر خومەینی لە دژی نەتەوەی كورد فەرمانی جیهادی دا و ڕێژیم شەڕێكی سەرانسەریی بەسەر كوردستاندا سەپاند، كە بۆ ماوەی سێ مانگ درێژەی كێشا. 

ئەمڕۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەباتی نوێی خۆی لەژێر ناوی ڕاسانی ڕۆژهەڵات دەست پێکردووە و وەک هەمیشە لە سەر ڕێبازی خۆی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پێداگره.

دەسپێکردنەوەی خەباتی حیزبی دێموکرات لەژێر ناوی ڕاسان و لێکگرێدانی خەباتی شاخ و شار ئەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرەیە کە ئێستا جووڵەی ئازادیخوازیی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی خستووەتە بوارێکی دیکەوە. خەڵکی کوردستان لە هەموو چین و توێژێکەوە پشتیوانی لە خەباتی حیزبی دێموکرات و چالاکییەکانی پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵاتدا دەکەن.