کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوکتور "قەدری یەلدرم" دۆستی نزیکی شەهید دوکتور قاسملوو کۆچی دوایی کرد

13:39 - 7 خاکەلێوه 2721

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوە پارلمانتاری پێشووی هە.دە.پە (HDP)، نووسەر و سیاسەتمەداری کورد؛ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری "ئامەد" ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دوکتور "یەلدرم" دۆستی نزیکی دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە.

ناوبراو ساڵی ١٩٥٩ی زایینی لە ناوچەی "لجە" سەر بە شاری "ئامەد" لەدایک بووە. لە زانکۆی "هەران" سەر بە شاری "ڕوحا" خوێندنی ئیلاهیاتی تەواو کردووە و لە زانکۆی "دیجلە" لە "دیاربەکر" لە بەشی ئیلاهیاتدا وەک مامۆستای زانکۆ وانەی وتووەتەوە.

هاوکات لە زانکۆی "ئارتکلوو" لە "مێردین" وەک هاوکاری بەڕێوەبەری کاری دەکرد. لە هەمانکاتدا وەک بەڕێوەبەری ئەنیستیتۆی زمان و کولتووری کورد کاری دەکرد.

ناوبراو ساڵی ٢٠١٠ی زایینی لە زانکۆی "دیجلە" بوو بە پرۆفیسۆر. دوکتور "یەلدرم" زمانەکانی کوردی، عەرەبی و فارسی شارەزا بووە و لە ماوەی تەمەنیدا ١٤ کتێبی نووسیوە.

ساڵی ٢٠١٥ وەک پارلمانتاری هە.دە.پە لە شاری "سێرت" هەڵبژێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ ئەو کەسایەتە ناسراوەی نەتەوەی کورد سەرەخۆشی لە کۆمەڵگای ئاکادمیکی کوردستان و بنەماڵەی ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.