دوکتور "مەحموود عوسمان" سیاسەتڤانی کورد بەنیسبەت ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا وتوویەتی:
ئەو مامەڵەیەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات دەستووری و یاسایی نییە و دەستوور یانێ فیدراڵی و بەغداش باوەڕی بە فیدراڵی نییە.
بڕیارەکەی پارلمانی عێراق سێ پەیامی تێدا بوو، پەیامێکیان ئێران بوو کە لە ڕێگەی ئەو پەیامەوە بە هەرێمی کوردستانی گەیاند کە ئێران ڕۆڵی سەرەکیی هەیە لە عێراق نەک ئامریکا و دەبێ هەرێمی کوردستان حسێب بۆ ئێرانیش بکات.
پەیامی دووەمیش ڕوو لە کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراقە کە ڕێککەوتنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە و لایەنەکانی دیکە بەرهەڵستی ئەو ڕێککەوتننامەیانە کردبوو.
پەیامی سێیەمی ئەو بڕیارەی عێراق لەلایەن کوتلە شیعییەکانەوە بوو کە لەو پەیامەدا هاتووە، دەبێ هەرێمی کوردستان بزانێت حەشدی شەعبی بە پشتیوانیی ئێران لە عێراقدا حوکم دەکات و دەبێ هەرێمی کوردستان لەگەڵیان کۆک بێت و ڕەخنەیان لێ نەگرێت.
چاوەڕوانی دەکەم گرژی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا زۆر زیاتر ببێت چوونکە دەستوور جێبەجێ ناکرێت، ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرێت ئەوا کێشەکان چارەسەر دەبن، بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان یەکگرتووتر بێت.