کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوکتور "نەجمەدین کەریم" بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ حیزبی دێموکرات نارد

19:06 - 5 گەلاوێژ 2720

دوکتور "نەجمەدین کەریم" بەبۆنەی ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ حیزبی دێموکرات نارد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێزان:

سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات

ئەندام و لایەنگران و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات

پاش سڵاوێکی شۆڕشگێڕانە.

خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم، لە یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەم پەیامە کورتە پێشکەشی بە ئێوەی ئازیز و شۆڕشگێڕ بکەم و تێیدا پیرۆزبایی خۆمتان ئاراستە بکەم بەبۆنەی یادی یوبیلیی زێڕینی حیزبتان.

دیارە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژگارێک هاتە دامەزراندن و کۆڕی خەباتی سیاسی، کە جیهان لە کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم نزیک دەبوویەوە. ئەمەش زەروورەتێکی حەتەمی هێنایە ئاراوە کە برایانمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەپێی ئەو قۆناغە نوێیەی ئەو سەردەمە کار بۆ خەباتی میلەتەکەمان بکەن. ئەویش خۆی لە دامەزراندنی حیزبی دێموکرات بینییەوە.

لە ماوەی کاروانی خەباتی سیاسی و چەکداریشدا، ڕۆڵی حیزبی دێموکرات وەک بەشێکی دانەبڕاو لە خەباتی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان ڕۆڵ و بایەخی خۆی هەبووە و دەبێت.

ئێستاش دوای ٧٥ ساڵ لە دامەزراندنی حیزبتان، وێڕای سڵاو و ڕێزی بێپایانم بۆ تەواوی سەرکردایەتی و ئەندامانی حیزبتان. هەر لێرەشەوە پێویستە یادی شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو بەرز بنرخێنم لە تێکۆشانی سیاسیی حیزبی دێموکرات و گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە شەهیدبوونی خەسارەتێکی گەورە لە میلەتەکەمان کەوت.

هاوکات سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕووحی تەواوی شەهیدانی ڕێگای ئازادیی گەلەکەمان دادەنوێنم. جارێکی دیکە یادی دامەزراندی حیزبی دێموکراتتان لێی پیرۆز دەکەم.

دوکتور نەجمەدین کەریم