دوکتور "نەجمەدین کەریم" پارێزگاری پێشووی کەرکووک کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسیەتی خۆی دوای ئازادکردنی کەرکووک لەوێ دەنێژرێت.
نووسینگەی دوکتور نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکوک و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی ڕایگەیاند، ناوبراو بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە گیانی لەدەست داوە.
دەقی ڕاگەیەندراوی نووسینگەکە بەم چەشنەیە:
"يَا أَيَّتُهَا النَّفْسُ الْمُطْمَئِنَّةُ ارْجِعِي إِلَى رَبِّک رَاضِيَةً مَرْضِيَّةً فَادْخُلِي فِي عِبَادِي وَادْخُلِي جَنَّتِي"
هاونیشتمانییانی ئازیز لە کەرکوک و کوردستان ...
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە دوای نەخۆشکەوتنی لەچەند ڕۆژی ڕابردوو بەڕێز دوکتور نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک، ئێستا ڕۆژی ھەینی کاتژمێر ١١ی شەو بە کاتی ئامریکا کۆچی دوایی کرد.
هاوکات ئاشکرای دەکەین کە لەسەر وەسیەتی خوالێخۆشبوو دوکتور نەجمەدین کەریم، تەرمی بەڕێزیان دەهێنرێتەوە بۆ کوردستان و بە شێوەیەکی کاتی لە کوردستان بە خاک دەسپێردرێت، تا ئەو کاتەی شاری کەرکوک ئازاد دەکرێت و لەژێر ئەمنییەت و ئارامیی هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت، بە شێوەیەکی هەمیشەیی دەبرێتەوە بۆ شاری کەرکوکی پیرۆز. بەڕێز دوکتور نەجمەین پێش کۆچکردنی یەکجارەکی، ڕاسپاردەی ئەوەی بەجێ هێشت کە لەبەر سەلامەتی و تەندروستیی گشتی لە دۆخی ئێستای بڵاوبوەنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هیچ جۆرە قەرەباڵەغی و پرسەیەکی بۆ دانەنرێت. خانەوادەی دوکتور نەجمەدین سپاسی بێ پایانی خۆیان بۆ هەموو لایەک دەردەبرن کە لە ماوەی ڕابردوودا بە بەردەوامی لە خەمی تەندروستیی خواڵێخۆشبوو دوکتور نەجمەدین بوونە.
" إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ"
نووسینگەی خوالێخۆشبوو
دوکتور نەجمەدین کەریم
٣١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠