کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوکتور "ڕزگار ڕەنجەڕۆ" پەیامێکی بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ بڵاو کردەوە

12:01 - 5 گەلاوێژ 2720

بەبۆنەی ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دوکتور "ڕزگار ڕەنجەڕۆ" پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

لە یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەڵوەستەیەک

لەوەتەی چاوم کردووتەوە ئەو گەلە ژێردەستەی ئێمە لەژێر جەور و ستەمدا بووە، هەستی نەتەوەیی لەدایک بووە زیاتر لە ئەنجامی جەور و ستەمی ڕێژیمە ڕەگەزپەرستە یەک لەدوا یەکەکان کە کوردستانیان پێوە لکاوە، دوای شەڕی جیهانیی دووەم زیاتر زەمینەساز بوو کە مرۆڤ ڕاچڵەکێ و زیاتر هۆشیار ببێتەوە لە داواکردنی مافەکانیان لە ئالیەکیتر ئەو سەرهەڵدان و شۆڕشانەی کە لە پارچەکانی تری کوردستان دامرکابوونەوە وەکوو شۆڕشی شێخ مەحموود و شێخ عەبدولسەلام بارزانی هاندەربوون کە تێکۆشەرانی کورد لە باشوورەوە بەشداربن لە دامەزراندنی کۆمەڵەی ژ.ک.

لەدوای خەباتێکی چڕ ساڵی ١٩٤٥ ئەو کۆمەڵەیە بوو بە هەوێنی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها ساڵی ١٩٤٦ ڕابەرایەتیی کۆماری کوردستان بکات، بێگومان پێشەوا قازی محەمەد (بینایی) هەردەم ڕۆڵی کوردی باشووری بەرز دەنرخاند و بە پشت و پەنای خۆی و کۆماری کوردستانی دەزانی، بەتایبەتی ڕۆڵی بەرچاوی مستەفا بارزانیی نەمر و هەڤاڵەکانی.

ڕووخانی کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی پێشەوا قازی و هەڤاڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی دەستەوئەژنۆ نەکرد و گوڕوتینێکی تری بە خەبات دا بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد، بۆیە لە مێژووی ٧٥ ساڵەی ئەو حیزبە بە دەیان سەرکردەی تێکۆشەر و هەزاران شەهیدی لەم ڕێبازە پڕ شکۆیە دوور و درێژەدا داوە. دوژمن هەموو هەوڵی خۆی تەرخان کردووە تا ئێمە تیکە تیکە بین و تا ڕادەیەکیش لە پیلانە گڵاوەکانیان سەرکەوتوو بوون، ئەمڕۆ لە سەدەی بیست و یەکدا لە سەدەی تەکنەلۆژیا و جیهانگیریدا کاتی ئەوە هاتووە وتەی تێکۆشەرە نەمرەکانمان بەبیر خۆمان بهێنینەوە کە دەیانفەرموو "من تاک و تەنهام من تاقە دەستەم کە پەرتەوازە و تیکە تیکە بم من ئەو دەریایە چۆن وشکەوەکەم" بۆیە دامەزراندن و ڕاگەیاندنی بەرەیەکی فراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمن هیچ کاتێک درەنگ نییە و پێویستییەکی هەنووکەییە .

وەک کوردێکی نەتەوەیی بۆ هێنانەدیی مافی چارەنووسی گەلەکەم خۆم بە پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکوور و باشوور دەزانم، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ٧٥ ساڵە توانیویەتی بە زیندوویی لە سەرپێ بمێنێتەوە ئەوە دڵنیام ئاسۆی گەلەکەمان ڕوونە، لەو بۆنە پڕ شکۆیەدا وێڕای پیرۆزبایی یوبیلی ئەڵماسیی ئەو حیزبە تێکۆشەرە بە بیر لێژنەی بەڕێوەبردنی ئەو یادە دەهێنمەوە کە چەند جارێک بە دیداری شەهید دکتور قاسملوو گەیشتووم و نووسینەکانی ئەو مرۆڤە پایەبەرزەم خوێندووتەوە و دەزانم جێ پەنجەی چەندە دیارە لەناو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بۆیە کاتی ئەوە هاتووە ئەو مرۆڤە ئاشتیخوازە کە لە گفتوگۆی ئاشتیدا تێرۆر کرا پێویستە کاندید بکرێ بۆ خەڵاتێکی جیهانی لەوانە خەڵاتی نۆبێل، کاندیدکردنی شەهید قاسملوو کەیسی تێرۆرکردنی دووبارە زیندوو دەکاتەوە و داڕێژەری ئەو پیلانە نگریسە بۆ کورد و ڕای گشتیی جیهانی ئاشکرا دەکات و دوور نییە لەم سەدەیەی تەکنەلۆژیادا ئەو کەیسە بەخزمەتی کورد و پرسە ڕەواکەی بشکێتەوە و تاوانبارانیش پەلکێشی دادگا بکرێن و بە سزای خۆیان بگەن.

هەزاران دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان

پیرۆزە یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەر شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان

هونەرمەند و مامۆستای زانکۆ

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دوکتور ڕزگار ڕەنجەڕۆ

زانکۆی سەلاحەدین

کۆلێژی ئاداب

بەشی ڕاگەیاندن

١٣ی ژووئیەی ٢٠٢٠ی زایینی