کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دڕکی ئاڕمانخوازیی دەسەڵاتدارانی کۆماریی ئیسلامی لە ناو لەشی کۆمەڵانی خەڵکدا

12:13 - 17 جۆزەردان 2719

سندووس

زۆر باوەڕمەندانە، گەرەکیانە جیهان بگۆڕن، زوڵم و ستەمی کافران لە ناو بەرن، وەبزانە بۆ هەموو جیهان پیلانیان پێیە، ڕێک تووشی نەخۆشی "عقدە"ی مەسیحن، ئەو عۆقدەیەی لای وایە ڕزگاریدەری جیهانە بە گشت بوونەوەرەکانییەوە، داوی نێوکیان پەیوەستە بە ئاسمانانەوەیە و مرۆڤگەل دەبێ تەنیا بەڵێیان بۆ لێدەن، دیواری ئامانجەکانیان ڕۆژبەڕۆژ بەرزتر دەکەن، قەبە ڕەوایەتگەلێک دەڕشێنەوە کە بە کەمتر لە خاوێن کردنەوەی هەموو جیهان ڕازی نابن!! گەرەکیانە قیبلەی یەکەمی موسوڵمانان لە چەنگ جوولەکان دەربێنن، فەلەستینییەکان وەگێڕن بۆ زێدی باب و باپیرانیان، نیزامی زەبەلاحی سەرمایەداریی تێکبشکێنن، لە بیری ئۆمەتسازیی دانە و نوێنەرایەتی "مستضعف"ینی یەمەن، سووریە و گشت عالەم دەکەن.

کاتێ سرنج دەدەینە وتار و باوەڕ و داواکانیان و لە گەڵ کردەوە و ڕفتاریان بەراوردی دەکەین، دەگەینە دژوازگەلێکی سەیر و سەمەرە، جیاوازیی و دژوازییەک کە ڕۆحی مرۆڤ بریندار دەکات.

ئێستا ئەم ئامانجانە دەگەڵ ئەو ڕەفتارانە چۆن چۆنی کۆکەینەوە، کاتێک دەیانهێنییە ناو جغزی بەراورد، بە هیچ شێوەیەک لە تەک یەکترا نایخوێننەوە.

چۆن دەکرێ داوای ئەو یۆتۆپیایە بکەی بەو هەموو گەندەڵی و کردەوە دژواز و ناشیرینانە؟ گەر بڕیارە بگەنە ئامانجی مەزنی "شاری خوا" چۆن پاساو بۆ ئەو هەموو ڕەفتارە ناشیرین و گەندەڵکارییە زەبەلاحانە دێننەوە؟

وەها ئامانج و باوەڕگەلێک و دەسەڵاتێکی لەم مایەیەدا، خەڵکی ئێران بە گشتی وکوردستان بە تایبەتی، تووشی کێشە و گرفتی تاقەتپڕووکێن و سەرئێشەیەکی گەورە کردووە.

ترس و دڵەخوورپە، کەوتن و هەستانەوەی نیوەگیان، وەک تەزووی سەرما بە لەشماندا تێدەپەڕێ و زیاتر بێ هیوا و دڵمردوومان دەکات.

دەسەڵاتداران خەونی زەبەلاح دەبینن و کۆمەڵانی خەڵک دەبێ هەزینەی ئارمانە پڕوپووچەکانی ئەوان بدەن، بە کورتی سەرلەبەری ژیانی خەڵکیان کردووە بە دەستەچیلەی ئاگری شەڕانگێزی باوەڕ و خەونە کۆنەپەرەستانەکانیان و بەم شێوەیە دابڕان و قەڵشتێکی قووڵیان لە نێوان خۆیان و ویستی کۆمەڵانی خەڵکدا درووست کردووە.

 لە قسەدا، نە بە کردەوە، دەسەڵات دەیهەوێ سەروەری مێژوویی و شارستانی بۆ وڵات بگێڕێتەوە، تا بەڵکوو بۆ هەموو لایەک ببێ بە مایەی شانازی، بەڵام بە کۆمەڵێک فەسادیی گەورە لە هەر چوار لاوە گەمارۆ دراوە و بە تەواویی دزەی کردووەتە ناوی و وەک خۆرە لە ناوەوە دەستی بە خواردنی کردووە.

ئێستا خەڵک لە خۆیان دەپرسن لە نێو ئەو هەموو ناسەقامگیرییە و لە ناو پاپۆریی سەرگەردانی سیاسەتدا چۆن ڕێگەی ژیان بدۆزینەوە، تا لەوەی زیاتر بڕستمان لێنەبڕێ و تێکماننەشکێنێ.

مرۆڤ بۆ قەبەگێڕانەوان لە دایک نەبووە، بەڵکوو هانا ئارێنت وتەنی بۆ ئەوە لە دایک بووینە، تا هەر یەک لە ئێمە چیرۆکی ژیانی خۆمان بگێڕێنەوە و لە مەودای نێوان ژیان و مردن، شوێنپەنجەی مرۆڤبوون لە دوای خۆمان جێبێڵین. تووڕهەڵدراوین بۆ ناو جیهان تا "بوون" بە مانا هایدگێرییەکەی ئەزموون بکەین نەک ببین بە سووتەمەنی قەتاریی مێژوویەک کە ڕیشەکەی لە بۆچوونە "ایدآلیست"یەکانی ئەفلاتووندایە و ببین بە سووتەمەنیی ئامانجی کۆمەڵێک مرۆڤی گەمژە و نەزان.

ئارمانە مرۆڤتەوەرەکان ئەگەر جوانیش بن، بۆ ئەوەن کە لە خزمەتی مرۆڤدا بن، نەک مرۆڤ لە خزمەتی ئەواندا بێ.

ئێران نەگەیشتە دەروازەی شارستانییەتی هەخامەنشیی، پێشی ناگاتە دەروازەی شارستانییەتی ئیسلامیی، کۆمەڵانی خەڵکیش هیچکام لەو دڕێژدادڕییانەیان قەبووڵ نییە و تەنیا دەیانهەوێ ژیان بکەن، دیارە ئەوەش ویستێکی گران و وەدینەهاتوو نییە.

ئێستا چەندین ساڵە شەمەنەفەری ئارمانە گەورەکانیی مرۆڤە بچووکەکان، بە نەڕەنەڕ بە سەرماندا تێدەپەڕن، لێخۆڕەکانی نازانم چاوە پیسەکانیان بڕیوەتە کامە ئاسۆی لیخن کە قرچەی شکانی ئێسقانی ژیانیان گوێ لێنابێ. لەخۆبایی و لووت بەرز ئەوا دەڕۆن. بەرەو کوێ؟ کەس نازانێ، ئەوەیە سیاسەتی پاوانخوازانەی حکومەتی ئاخووندیی لە ماوەی چل ساڵەی تەمەنیدا.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.