کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دڕۆنێکی سیخوڕیی ڕێژیمی ئێران لە "کوهڕەنگ" کەوتە خوارەوە

12:05 - 14 سەرماوەز 2721

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەک بڵاو کراوەتەوە کە پیشان دەدات دڕۆنێکی ڕێژیمی ئێران لە شاری "کوهڕەنگ" سەر بە پارێزگای "چوارمەحاڵ و بەختیاری" کەوتووەتە خوارەوە.

خەڵکی ئەو شارە لە کەوتنەخوارەوەی ئەو دڕۆنە ڤیدیۆیەکیان هەڵگرتووە و بڵاویان کردووەتەوە. هەروەها ڤیدیۆیەک بڵاو کراوەتەوە کە هەلیکۆپتێرێک خەریکە دڕۆنێک لە گوندی "میهە" سەر بە شاری "کوهڕەنگ" ڕادەگوازێت.

یەکێک لە بەرپرسانی کوهڕەنگ ڕاستیی ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام باسی لە وردەکارییەکانی نەکردووە.

هەروەها کاناڵی "خەبەر" سەر بە ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە کە ئەو دڕۆنە لە شێوەی "دڕۆنی ئێرانیی سیمۆرغ و ئامریکایی RQ-170"یە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام بۆ سیخوڕیکردن بەسەر خەڵکدا و بۆ کاری تێرۆریستی لە دڕۆن کەڵک وەردەگرێت. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێکی "کوردپا"، ڕێژیمی ئێران چەندین کەسی لە شاری "بانە" بە کەڵکوەرگرتن لە دڕۆن دەسبەسەر کردبوو.

هەروەها پێشتر سپای تێرۆریستی پاسداران بە کەڵکوەرگرتن لە دڕۆنی بومبڕێژکراو بە مەبەستی لێدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هێرشی کردبووە سەر چیاکانی کوردستان.