کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی ناڕەزایەتییەکان، چەندین شاری دیکەشی گرتەوە

12:29 - 6 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە درێژەی ناڕەزایەتیی کاسبکاران و بازاڕییانی تاران لە هەمبەر بارودۆخی خراپی بازاڕ، چەندین شاری دیکە دەنگی خۆیانیان خستە پاڵ دەنگی خەڵکی ناڕازیی تارانەوە.

مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینی بەرینی بازاڕییانی تاران، کە لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستی پێ کردووە، دوێنێ سێشەممە ٦ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە ئاستێکی بەرینتردا درێژەی کێشا و چەندین شاری دیکەی ئێران وەک شیراز، قشم و کرماشان، ئەراک و ئیسفەهانیش لە ڕاستای پشتگیری لە بازاڕییانی تاران، دەستیان دایە ناڕەزایەتیدەربڕین.

ڕۆژی ڕابردوو لە تاران، کاسبکاران و بازاڕییانی "سەبزه‌مەیدان و بازاڕی سوڵتانی، بازاڕی پێڵاوەکان و زێڕفرۆشەکان، سەرای میللی، بازاڕی بەینولحەرەمەین، گوزەری لووتی ساڵح، بازاڕی مەروی، لاله‏‎زار، چەراغ بەرق، باب هومایۆن، ناسرخەسرەو، پاچنار، سپه، تۆپخانه، حەسەناوا، بازاڕی عەباساوا" و چەندین ناوچەی دیکە دەستیان دایە ناڕەزایەتیدەربڕێنێکی بێوێنە.

لەو ناڕەزایەتییانەدا خەڵکی ناڕازی، دروشمەکانی: "مرگ بر دیکتاتور"، "نه غزه نه لبنان، جانم فدای ایران"، "ایران شده فلسطین مردم چرا نشستین"، "سوریه رو رها کنید فکری به حال ما کنید" و "نیروی انتظامی حمایت حمایت"یان گوتووەتەوە.

سەران و باڵەکانی ڕێژیم هەر کام هەوڵیان داوە، هەتا ئەو ناڕەزایەتییانە بخەنە ئۆباڵی ئەوی دیکە یان دوژمنانی نیزامەکەیانەوە.

بناژۆخوازەکان باسیان لەوە کردووە، کە هەموو شتێک لە کۆنترۆڵی خۆیاندایە و تەنیا چەند کەسێک لە دژی ڕێژیم لە بازاڕدا بشێوییان دروست کردبوو، کە دەسبەسەر کراون، ڕێفۆرمخوازەکانیش باس لەوە دەکەن، کە ئەو ناڕەزایەتییانە بەستێنی کودەتای سپای پاسدارانە بەسەر حکوومەتەکەی ڕۆحانیدا، بۆ دامەزرندنی حکومەتێکی سەربازی.

هاوکات حەسەن ڕۆحانی لە هەمایشی سەرتاسەریی هێزی بەناو داددا، دەستی داوەتە چەواشەکاری و ڕایگەیاندووە: "هەندێ کەس بۆ ئەوەی خەڵک بە نیسبەت داهاتووە بێهیوا بکەن، دەست دەدەن بە بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان، من دڵنیایی بە خەڵک دەدەم، کە هیچ جۆرە کەموکۆڕییەکمان لە بواری کەمی پارە و کەرەستەکانی دیکەوە نییە و نابیت، بەداخەوە هەندێ کەسی غافڵ لەگەڵ دوژمن کەوتوون و هەندێ نیگەرانی چووکەیان کردووەتە نیگەرانییەکی گەورە و دەستیان داوەتە ناڕەزایەتیدەربڕین".

سادق ئامولی لاریجانی، بەرپرسی هێزی بەناو دادی ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە هەڕەشەی کردووە، کە ئەو کەسانەی کە دەبنە هۆی کێشەنانەوە لە سیستمی ئابووریدا، لەگەڵ سزای زۆر قورس بەرەوڕوو دەبنەوە، ئەو کارە ئەگەر وەکوو موفسدی سەر زەوی بێتە ئەژمار، سزای لەسێدارەدانی هەیە و ئەگەر جگە لەوە بێت سزای هەتا ٢٠ ساڵ زیندانی دەبێت.

دوایین هەواڵەکان باس لەوە دەکەن، کە شارەکانی شیراز، قشم، کرماشان، مەشهەد، بەندەرعەباس و کەرەج پەیوەست بەو ناڕەزایەتییانەوە بوون و لەو پەیوەندییەدا چەندین کەس دەسبەسەر کراون.