کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژکردەوەی بەرپرسانی ئامریکا لەسەر پیتاندنی ئورانیۆمی ڕێژیمی ئێران

11:21 - 11 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسان و کاربەدەستانی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بەرانبەر بە پیتاندنی زیاتری ئورانیۆمی ڕێژیمی ئێران، دژکردەوەی توندیان نیشان دا.

ڕۆژی دووشەممە، ۱٠ی پووشپەڕ، پاش ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە لە ۳۰۰ کیلۆگرەم زیاتر ئورانیۆمی پیتاندووە، بەرپرسان و کاربەدەستانی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دژکردەوەی توندیان نیشان دا و هەڕەشەیان لە ڕێژیمی ئێران کردووە.

لەم بارەیەوە، "دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە پرێسکۆنفڕانسێک لە کۆشکی سپیدا، ڕایگەیاندووە: "ئەوان دەزانن کە خەریکی چ کارێکن. ئەوان دەزانن کە یاری بە چ شتێک دەکەن. ئەوان خەریکن یاری بە ئاگر دەکەن. کەواتە من هیچ پەیامێکم بۆ ڕێژیمی ئێران نییە".

لەم پەیوەندییەشدا، "مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە تویتێک لە لاپەڕەی تویتێریی خۆیدا ڕایگەیاندووە: "قەت ڕێگا نادەین کە گەورەترین پاڵپشتی تێرۆریزمی جیهانی لە هیچ ئاستێکدا دەستی بە چەکی ناوکی بگات و لە بەشێکی تویتەکەیدا نووسیویەتی: "ڕێژیمی ئێران، هەنگاوی نوێی بۆ پێشکەوتنە هەلپەرستانەکانی چەکی ناوکیی خۆی هەڵگرتووە. جارێکی تر ڕێژیمی ئێران لە بەرنامە ناوکییەکەی خۆی بۆ باجگرتن لە کۆمەڵگای جیهانی و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی ناوچەکە کەڵکی وەرگرتەوە".

هەروەها "جان بۆڵتۆن"، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە تویتێک لە لاپەڕەی تویتێریی خۆیدا، ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی، تەنیا کات دەستێنێت.

ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٣٠٠ کیلۆگرەم ئورانیۆمی پیتاندووە، ئەمە بە پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی بەرجامە کە لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویدا، لە نێوان ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی ١+٥ واژۆ کراوە.