کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژکردەوەی بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە تویتی "ڕابرت ماڵی"

16:49 - 10 رێبەندان 2721

بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە تویتی "ڕابرت ماڵی" دانوستانکاری باڵای ناوکیی ئامریکا، کە لە دوای سەرکەوتنی یانەی فووتباڵی ڕێژیمی ئێران بۆ کێبڕکێی جامی جیهانی بڵاوی کردەوە؛ دژکردەوەیان پیشان دا.

"ماڵی" کە نوێنەری تایبەتی ئامریکا بۆ کاروباری ڕێژیمی ئیرانه لە پەیامی تویتێریی خۆیدا پیرۆزبایی لە یانەی ڕێژیمی ئێران کردووە نووسیویەتی، زۆر خۆشحاڵم لەوەیکە ژنانی ئێرانی ئیزنی ئەوەیان پێدراوە بڕۆنە یاریگا و چاو لە یارییەکان بکەن.

ڕێژیمی ئێران کە لەژێر گوشاری فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی فووتباڵدا هەڕەشەی لێکرابوو فووتباڵەکەیان ڕادەگرن، ئیزنیدا لە ١٠ هەزار بڵیت، ٢ هەزار دانەی بدەن بە ژنان.

بەشێک لە بەکارهێنەران لەژێر تویتی "ڕابرت ماڵیـ"ـدا نووسیویانە ژنان ئیزنیان پێنەدراوە، بەڵکوو ئەو ژنانەی کە ئێوە دیتوتانن لەلایەن دەوڵەتەوە هەڵبژێردراون.

بەکارهێنەران داوایان لە نوێنەری تایبەتی "جۆ بایدن" سەرکۆماری ئامریکا کردووە کە زانیارییەکانی سەبارت بە سیاسەتەکانی ڕێژیمی "تاران" لەسەر بنەمای ڕاستی هەڵچنێت و هەڵسەنگاندنی دروستی لەسەر هەڵسوکەوت و کردەوەی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە هەبێت.

"مەهدی موجتەهیدی"، ئەندامی شورای شاری "شیراز" کە بەهۆی پشتیوانی لە مافی "بەهاییـ"ـەکان لەو شورایە دەرکرا و بە بەندیخانە مەحکووم کرا، لەژێر تویتی "ماڵیـ"ـیدا نووسیویەتی: ئێوە یان بۆ هەڵفیرواندنی جیهان ئەو تویتەتان بڵاو کردووەتەوە یان فریوتان خواردووە. ئێمە پێویستیمان بە پشتیوانیی ئیوە نییە، ئەگەر دەتانهەوێ بیسەلمێنن کە خەڵکی ئێرانتان بۆ گرینگە، پشتیوانی لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران مەکەن.