کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژکردەوەی توندی بەرپرسانی ئیسرائیل بەرانبەر بە پیتاندنی ئورانیۆمی ڕێژیمی ئێران

13:42 - 12 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسان و کاربەدەستانی وڵاتی ئیسرائیل لە هەمبەر پیتاندنی زیاتری ئورانیۆمی ڕێژیمی ئێران، دژکردەوەی توندیان نیشان دا و هەڕەشەی هێرشی سەربازییان بۆ سەر ئەم ڕێژیمە کرد.

ڕۆژی سێشەممە، ١١ی پووشپەڕ، یەک ڕۆژ پاش ئەوەی کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاند کە لە ٣٠٠ کیلۆگرەم زیاتر ئورانیۆمیان پیاندووە و هەروەها پاش هەڵوێست و دژکردەوەی بەرپرسانی باڵای ئامریکا، بەرپرسان و کاربەدەستانی باڵای ئیسرائیلیش دژکردەوەی توندیان نیشان دا و هەڕەشەی هێرشی سەربازییان بۆ سەر ئەو ڕێژیمە و بنکە ناوکییەکانی کردووە.

لەم بارەیەوە، "بێنیامین نێتانیاهوو"، سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی وڵاتی ئیسرائیل، لە وتارێکدا، سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی ئێرانی بە درۆزنێکی چەکی ناوکی پێناسە کرد، ڕایگەیاندووە: "لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئیسرائیل پەردە لەسەر هەندێک بەڵگەی نوێ لا دەبات کە نیشان دەدات ڕێژیمی ئێران لە سەرەتاوە تاکوو ئەمڕۆ چالاکیی ناوکی هەبووە و تەنانەت یەک چرکەش و بێڕاوەستان، لەو کارەی پەشیمان نەبووەتەوە".

لەم پەیوەندییەشدا، "ئیسرائێل کاتز"، وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی ئیسرائیل، بە ڕادیۆ ئەرتشی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندووە: "ئێمە ڕێگا بە دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی نادەین و ئەگەر پێویست بە پێشگرتنی ئەو ڕێژیمە بۆ دەستپێڕاگەیشتنی چەکی ناوکی بێت، ئیسرائیل ئامادەیە بە تەنیایی ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران ببێتەوە. ڕێژیمی ئێران خەریکە ناوچەکە لە ناوچەیەکی خوڵەمێشی (خاکستری) بەرەو ناوچەیەکی سوور دەبات؛ شەڕێک کە ڕێژیمی ئێران تێیدا، خەسارێکی زۆری بەردەکەوێت".

هەر لەم پەیوەندییەدا، "یوسی کوهەن"، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (موساد)، لە وتارێکدا، ئاماژەی بە بڕێک لە هەوڵەکانی ئیسرائیل، بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ دەستپێڕاگەیشتنی چەکی ناوکی کردووە و ڕایگەیاندووە: "زۆر شت هەیە کە نهێنین و بۆ باسکردن نابن، بەڵام تەنیا ئەوەی دەڵێم کە هەوڵەکانی ئیسرائیل بە پێشگرتن بە جێگیربوونی سەربازیی ڕیژیمی ئێران لە سووریە و دەستپێڕاگەیشتنی ئەو ڕێژیمە بە چەکی ناوکی، درێژەی دەبێت".