کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژکردەوەی زەریف به تویتەکانی ترامپ و بۆڵتۆن

11:30 - 24 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە تۆڕی کۆمەلایەتیی تویتردا، وڵامێکی توندی به تویتە فارسییەکەی سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووکانی ئامریکا دایەوە؛ سەرکۆماری ئامریکا لەم تویتەدا ئاکامی کۆماری ئیسلامی، به ٤٠ ساڵ گەندەڵی، سەرکوت و تێرۆر ناو بردبوو.

دانڵد ترامپ، به بڵاوکردنەوەی تویتێک باسی لەوە کردبوو، کە کارنامه‌ی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە چوار دەیەی ڕابردوودا، گەندەڵی، سەرکوت و تێرۆر بووە؛ هەروەها جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نیشتمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاش، لە تویتێکدا نووسیویەتی: پاش ٤٠ ساڵ، کۆماری ئیسلامیی ئێران، له ئەنجامدانی بەڵێنەکانیدا بۆ پارێزگاری و بەرگری لە مافی هاووڵاتیان ناکام بووە.

ترامپ هەروەها، لە ئاخافتنێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە دەوڵەتی سەرەکیی پشتیوانی تێرۆریزم و ڕێژیمێکی ڕادیکاڵ ناو بردووە .

ترامپ وتوویەتی: لە حکوومەتێک کە دروشمی نەمان بۆ ئامریکا دەڵێتەوە و هەڕەشەی ژینۆسایدی یەهوودییەکان دەکات چاوپۆشی ناکەین.

لەم پێوەندییەدا، محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە کاردانەوە به تویتەکانی ترامپ و بۆڵتۆن، لە تویتێکدا نووسیویەتی: "٤٠ ساڵ شکست لە قەبووڵ نەکردنی گوێڕایەڵبوونی ئێران، ٤٠ ساڵ شکست لە هاوتەریبکردنی سیاسەتی ئامریکا لەگەڵ ڕاستیدا، ٤٠ ساڵ شکست له ناسەقامگیرکردنی ئێران لە ڕێگای خوێنڕشتن و پارە خەرج کردنەوە؛ پاش ٤٠ ساڵ هەڵبژاردنە هەڵەکان، کاتی ئەوە هاتووە که دانڵد ترامپ پێداچوونەوەیەک بە سیاسەتە شکستخواردووەکەی خۆیدا بکات.

پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، به بۆنەی ٤٠ ساڵەی شۆڕشی گەلانی ئێران، لە چەند تویتێکدا لەژێر ناوی "٤٠ ساڵ دۆڕان"، ئاماژەی به بەشێک لە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت به میدیاکان، دەسبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانان، سنووردارکردنی ئینتێرنێت و گەندەڵی لە حکوومەتدا کردبوو.

کاردانەوەی زەریف به قسەکانی ترامپ و بۆڵتۆن لە حاڵێکدایە، که تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر لە ئێراندا فیلتر کراوە و خەڵک ناتوانن کەڵکی لێ وەر بگرن.

 لە لایەکی تریشەوە، زەریف لە حاڵێکدا باسی لە دۆڕانی ئامریکا لە ناسەقامگیرکردنی ئێران لە ڕێگەی خوێنڕشتنەوە کردووە، کە بەردەوام ڕێژیمی ئێران لە لایەن وڵاتانی دەرەوە به گەورەترین هۆکاری ناسەقامگیری و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا ناوی لێ براوە.