کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژکردەوەی سپای تێرۆریستی پاسداران بە پێشنیارەکەی ترامپ

12:54 - 21 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیران لەهەمبەر قسەکانی سەرکۆماری ئامریکا سەبارەت بەوەی کە باسی لە پێخۆشبوونی خۆی بۆ وتووێژ لەگەڵ ئێراندا کردووە، دژکردەوەی نیشان دا.

 دوابەدوای ئەوەی کە دانڵد ترامپ، سەرکۆماری ئامریکا، ڕایگەیاند کە چاوەڕێی ئەو ڕۆژەم کە یارمەتیی ئێران بدەین تاکوو دۆخێکی باشی هەبێت، وتی: "پێم خۆشە کە ئێرانییەکان لەگەڵم پەیوەندی بگرن."

جێگری سیاسیی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە کاردانەوە بەم لێدوانەدا، ڕایگەیاند کە ئامریکاییەکان ناوێرن هیچ کردەوەیەکی نیزامی دژ بە ئێمە ئەنجام بدەن و ئێمە هیچ جۆرە وتووێژێکیان لەگەڵ ناکەین.

"یەدوڵلا جەوانی"، جێگری سیاسیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە چەواشەکارییەکدا بە نیسبەت دۆخی شپرزەی هەنووکەیی ئێران ئیدعای کردووە کە ترامپ و دەوروبەرییەکانی پێیان وابوو کە لە ساڵی ٩٧دا، ئێران تووشی شپرزەیی دەبێت و بۆ هەڵهاتن لەم دۆخە ناچار دەبێت لەگەڵ ئامریکا وتووێژ بکات، بەڵام لە کردەوەدا ئەمە ڕووی نەدا و ئامریکاییەکان لەم ساڵدا، لە لایەکەوە سپای پاسدارانیان خسته نێو لیستەی ڕێکخراوە تێرۆریستەکانەوە و لە لایەکی تریشەوە، ناوی فڕۆکەهەڵگری خۆیان ڕەوانەی ناوچەکە کردووە و ئەدەبیاتێکی شەڕەنگێزانەیان لە پێش گرتووە.

قسەکانی جەوانی لە حالێکدایە کە دۆخی ئێران بەگشتی بە هۆی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئەم ڕێژیمە بەرەو شپرزەییەکی تەواو چووە و ڕۆژ نییە کە لە شارێکی ئێراندا، لە لایەن خەڵکەوە ناڕەزایەتی دەرنەبڕدرێت و خەڵک نەڕژێنە سەر شەقامەکان.

لە لایەکی ترەوە، مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕایگەیاندبوو کە ئامریکا نایەوێت لەگەڵ ئێران شەڕ بکات و هەرجۆرە هێرشێک لە لایەن ئێران و هێزەکانی بەستراو بەم ڕێژیمە بۆ سەر ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بە توندترین شێوە وڵام دەدرێتەوە.

ئامریکا لە وڵامی هەڕەشەکانی ئێراندا، ناوی ئابراهام لینکۆڵن و بۆمبهاوێژی "بی ٥٢"ی ڕەوانەی ئاوەکانی کەنداو کردووە.