کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژکردەوەی سێناتۆرە ئامریکاییەکان نیسبەت بە رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ رێژیمی ئێران

21:37 - 17 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: پاش کۆتایی دانوستانە ناوکییەکانی گرووپی ١+٥ و رێژیمی ئێران لە لۆزان و لێک‌تێگەیشتنی سیاسی، زۆربەی سێناتۆرە ئامریکاییەکان و کۆماریخوازەکانی کۆنگرەی ئامریکا نیسبەت بە ئاکامی ئەم دانوستانانە دژکردەوەیان نیشان دا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سێناتۆری کۆماریخواز باب کورکێر، سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سێنای ئامریکا، لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی خەبەری فاکس (Fox News Channel) رایگەیاندووە: کۆنگرەی ئامریکا بە خوێندنەوەی ورد و پەسندی رێکەوتنی ناوکیی ئێران دەبێ متمانەی هەبێت، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ناچێتە ژێر باری رێکەوتنێکی خراپ.

ناوبراو لە درێژەی ئەم وتووێژەدا رایگەیاند: کۆنگرە مافی ئەوەی هەیە کە وردەکارییەکانی رێکەوتنی کۆتایی بە وردی تاوتوێ بکات و بیخاتە بەر دەنگدانەوە.

هەروەها، لیندزی گراهام، سێناتۆرێکی دیکەی کۆماریخوازی ئامریکا رۆژی یەکشەممە لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی خەبەری سی.بی.اس (CBS News)رایگەیاند: ئەو رێکەوتنە پێشنیارکراوە بە ئێران رێکەوتنێکی خراپە.

کۆماریخوازان لە سێنای ئامریکا بەردەوام لە سەر ویستی خۆیان لە کۆنگرەی ئەو وڵاتە سەبارەت بە ئەوەیکە رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران دەبێ بخرێتە بەر دەنگدانەوە، پێداگری دەکەن.

لە هەمان حاڵدا دایان فاینشتاین لە سێناتۆرە دێموکراتەکانی کۆنگرەی ئامریکا رایگەیاندووە کە رێکەوتنی ناوکیی ئێران و رۆژئاوا نابێ هەڕەشەیەک بۆسەر مانەوەی ئیسرائیل بێت.

سێنای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، رێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، پێداچوونەوەی پێ‌بەندنەبووی (اصلاحیە غیرالتزام‌آور) لە بوودجەی ئەو وڵاتەدا پەسند کرد، کە بەپێی ئەو پێداچوونەوە ئەگەر ئێران، هەر کام لە خاڵەکانی رێکەوتن لەگەڵ دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی پێشێل بکات، لەگەڵ گەمارۆی ئابووری نوێ بەرەوڕوو دەبێتەوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە باراک ئوباما، سەرکۆماری ئامریکا رایگەیاندووە، لە ئەگەری سەپاندنی گەمارۆی نوێ لە دژی رێژیمی ئێران لە کاتی دانوستانە ناوکییەکاندا، یا گەڵاڵەی خستنە بەر دەنگدانی رێکەتنی ناوکی ڤێتۆ دەکات.

هەر لەم پەیوەندییەدا بەپێی راپۆرتی ئاسۆشیتدپرێس (Associated Press)، ئیسرائیل بەڵگەیەکی هەڵسەنگاندنی سەبارەت بە کەم و کوڕییەکانی رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ئامادە کردووە و هەروەها نتانیاهۆ لە وتووێژەکانی خۆیدا جارێکی دیکە لەسەر رێکەوتنی خراپ لەگەل ئێران و ئەگەری دەستپێڕاگەیشتنی ئەم وڵاتە بە بۆمبی ئەتۆمی هۆشداریی داوە.

لەو بەڵگەیەدا، ئاماژە بەوە کراوە کە پشکنین و سەردان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کەم‌وکوڕی هەیە و رێکەوتنی ئەتۆمی ئیزن بە ئێران دەدات کە لە سانتریفیووژە پێشکەوتووەکان کەڵک وەرگرێت و روونی ناکاتەوە کە چ رووداوێک بۆ ئورانیۆمی پیتاندن‌کراوی ئێران روو دەدات و ئەمەش دەتوانێت سەرچاوەیەک بۆ دەستپێڕاگەیشتن ئەو رێژیمە بە بۆمبی ئەتۆمی بێت.

رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، بەیاننامەیەکی هاوبەش لە کۆتایی دانوستانە ناوکییەکان لەلایەن وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە لۆزانی سویس بڵاو کراوە. ئەم راگەیاندراوە دەرخەری رێکەوتنی دوو لایەنی دانوستانکار لەسەر کەم کردنەوەی چالاکییە ناوکییەکانی ئێران، لە بەرانبەر لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا و یەکیەتیی ئورووپا بووە.

دوای رێکەوتنی لۆزان زۆربەی سیاسەتمەداران و بەرپرسانی باڵای دەوڵەتانی رۆژئاوا و ئامریکا نیسبەت بەم رێکەوتنە دژ کردەوەیان نیشان دا و نیگەرانیی خۆیان دەربڕی.

لە رۆانگەی زۆربەی سیاسەتمەداران و کارناسانی ئابووری، بەیاننامەیەک کە لە کۆتایی دانووستانە ناوکییەکاندا درایە دەرەوە، لە بواری مافە نێودەوڵەتییەکان هیچ بوارێکی یاسایی نییە و لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان بە یەکجاریی و ئاسایی لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوایی ئەنجام نادرێت.

دانوستانەکانی ئێران و شەش زلهێزی جیهانی ماوەی ١٢ ساڵ بەردەوامە و هەتا ئێستا بە ئاکامێکی گشتیی نەگەیشتوون.

دوای رادەست‌کردنی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران بۆ شۆرای ئەمنیەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە چالاکییە گوماناوییە ئەتۆمییەکان ئەو رێژیمە بۆ دەستپێڕاگەیشتنی بۆمبی ئەتۆمی، گەمارۆی ئابووریی قورس دژی رێژیمی تاران پەسند کرا.

گادەر.د