کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژەکردەوەی بەرپرسانی لوبنان لە هەمبەر سەفەرەکەی جەواد زەریف بۆ ئەو وڵاتە

23:46 - 23 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: سەفەرەکەی جەواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، بۆ وڵاتی لوبنان، ناڕەزایەتی و دژەکردەوەی توندی ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتەی لێ کەوتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ۲۱ی ڕێبەندان، محەممەدجەواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی دەستێوەردانی زیاتر لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتی لوبنان و زاڵکردنی حیزبوڵڵای لوبنان لە کابینەی نوێی حکوومەتی، بۆ ئەو وڵاتە سەفەری کرد، کە ناڕەزایەتی و دژەکردەوەی توندی بەرپرسان، چالاکان و چاوەدێرانی سیاسی وڵاتی لوبنانی لێ کەوتەوە.

ڕادیوێ دەنگی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، کە ژمارەیەک لە بەرپرسان و چالاکانی سیاسی وڵاتی لوبنان، لە هەمبەر سەفەرەکەی وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بۆ ئەو وڵاتە، بە ڕاشکاوانە و زۆر بە توندی دژەکردەوەیان نیشان دا و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی، هەروەها ئەو ڕاستییەشیان دەربڕی کە حکوومەتی تاران لە هەوڵی ئەوەدایە کە ئەمنییەت و ئاسایشی لوبنان بخاتە مەترسییەوە و حیزبوڵڵا بە سەر لوبناندا زاڵ بکەن، تاکوو ئاواتە لەمێژینەکانی خۆیان کە داگیرکردنی ئەوە وڵاتەیە، بەدی بێنن.

حەسەن نەسروڵڵا، حەوتووی ڕابردوو لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بە بۆنەی چل ساڵەی دەسبەسەرداگرتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، کە لەژێر ناوی "جێژنی چل بەهار"، بەڕێوە چوو، پێشنیاری بە بەرپرسانی وڵاتی لوبنان کردبوو، کە داوای پێکهاتەی بەرگریی ئاسمانی لە ڕێژیمی ئێران بکەن تاکوو لوبنان لە بەرانبەر ئیسرائیلەوە کەڵکیان لێ وەر بگرێت.

چاوەدێرانی ڕووداوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێیان وایە، کە ئەو پێشنیارەی حەسەن نەسرۆڵڵا بە بەرپرسانی وڵاتەکەی، لەسەر داوای خودی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بووە، تاکوو ئاسانکارییەک بێت بۆ لقی قودسی سپای تێرۆریستیی پاسداران و لە لوبنانەوە بە هاوکاریی حیزبوڵڵای لوبنان بتوانێت پێش بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چالاکییە تێرۆریستی و تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە بگرێت.