کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دڵساردی و بێهیوایی جەستەی ڕێژیمی گرتووەتەوە

11:30 - 4 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: پاش ئەوەی وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا، نەیانتوانی لە بەرانبەر گەمارۆوەکانی ئامریکادا هیچ هەنگاوێک بۆ ڕێژیمی ئێران هەڵ بگرن، بێهیوایی باڵی بەسەر ئەو ڕێژیمە کێشاوە.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان، لە دانیشنێکدا لەگەڵ بەرپرسانی ناوەندی گەشەی زانست و تێکنۆلۆژی، وەزیری زانست، بەرپرسان و مامۆستایانی زانکۆوە پێوەندیدارەکاندا باسی لەوە کردووە: " بەرەوپێشچوونی خێرای زانستیی وڵات نابێت کەم بکرێتەوە یان ڕابگیردرێت".

ڕێبەری ڕێژیم لە درێژەی قسەکانیدا، داوای لە بەرپرسان و لێکۆڵەران و مامۆستایانی زانکۆ کردووە، کە هیچ کات متمانە بە بەرنامە و پێشنیارەکانی ڕۆژئاوا نەکەن، چون بە وتەی ناوبراو "وڵاتە ڕۆژئاوایییەکان کە هەنووکە لە بواری زانستەکاندا پێشکەوتنی زۆریان بەدەست هێناوە، زیاترین جەنایەتیشیان لە ڕەوتی مێژوودا بە دژی نەتەوەکان ئەنجام داوە".

خامنەیی، پاشان "ڕێکارێکی خۆجێـ"ـی بۆ توێژینەوە زانستییەکانی بەم شێوە پێشنیار کردووە: "لە ڕەوتی ناسینی زانستێک کە لەگەڵ بەڵگە و لۆژیک بەرەوڕووە، دەبێت بە جۆرێک هەنگاو هەڵ بگیردرێت، کە بەستێنی ناسینی خوا دەستەبەر ببێت". ئەم پێشنیارەم، پێشنیارێکی کۆن و دەرخەری ئەوەیە، کە زانست دەبێت لە خزمەت بەهێزکردن و دەسەڵاتی کەسانێک ببێت، کە بە حەزەوە لە تێکنۆلۆژی کەڵک وەردەگرن.

هاوکات لەگەڵ قسەکانی خامنەیی؛ ئەمیر حاتەمی، وەزیری بەرگریی ڕێژیم، ڕایگەیاندووە: کە دووهەمین ماهوارەی ئێران بە زووترین کات بەرەو ئاسمان دەهاویژرێت، ئەمە لە حاڵێکدایە کە یەکەمین ماهوارە بە ناوی "پەیام" لە فەزا جێی نەگرت و لە زەریای هیند داکەوتە خوارەوە.

خامنەیی و بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم، کاتێک باس لە زانست و تێکنۆلۆژی دەکەن، مەبەستیان زانستێک نییە کە کەڵکی بۆ مرۆڤایەتی ببێت، بەڵکوو مەبەست ئەو زانستەیە کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی ئەواندا بێت و دەسەڵاتی ڕەهایان بپارێزێت.